ژنێکی دووگیان لەکاتی نەشتەرگەری گیانی لەدەستدا و لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکدەهێندرێت

لە هەولێر ژنێکی دووگیان لە کاتی نەشتەرگەری منداڵبوون گیانی لەدەستداوە، وەزارەتی تەندروستیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەو بارەیەوە پێکهێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

هەڵەی پزیشیکی زۆربەی کات بە تایبەتی لە کاتی نەشتەرگەری و دەرزی لێدان، دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان و سالانە چەند حاڵەتێکی لەو شێوەیە تۆمار دەکرێت، هەرچەندە لیژنەی پزیشکیش بۆ لێکۆڵینەوەی ئەو ڕووداوانە پێکدەهێندرێت، بەڵام بێ ئەنجام دەمێننەوە.

 

لە نوێترین ڕووداودا، ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵی دووگیان بە ناوی "ژاڵە فاروق"، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ھەولێر لە کاتی نەشتەرگەری منداڵبوون گیانی لەدەستدا، دوابەدوای ڕووداوەکەش، کەسوکارەکەی ھۆکارەکەیان بۆ کەمتەرخەمی پزیشکەکەی گەڕاندەوە و سکاڵایان تۆمار کرد.

 

سەبارەت بەو ڕووداوە وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەپێناو پاراستنی مافی نەخۆش، بڕیاردرا بە پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسی گیان لەدەستدانی ژنێکی دووگیان لە ھەولێر، بەچاودێری و ئامادەبوونی دادوەری نوێنەری داواکاری گشتی بۆ بەدواداچوونی زانستی و یاسایی و ئاشکرا کردنی دەرەنجامەکان بۆ ڕای گشتی.