فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق ئیدانەی هەوڵی گەمارۆی کامپی مەخمور دەکات

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق، هێرش و گەمارۆی سەر کامپی مەخمور ئیدانە دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە پەنابەران کراونەتە کارتێکی سیاسی بۆ ڕازیکردنی دڵی حکومەتی فاشستی تورکیا.

ناوەندی هەواڵ

 

فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق، لەبارەى گەمارۆدانى کامپى مەخموور لەلایەن سوپاى عێراقەوە ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ڕۆژی ٢٠ی ئایار هێزێکی گەورە لە سوپا و پۆلیسی عێراقی هێرش دەکەنە سەر کامپی ڕۆستەم جودی – مەخموور، بە ئامانجی دروستکردنی تاوەرو دیوار و تەلبەندکردنی کامپەکە، بەڵام بەهۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن پەنابەرانی کامپەکە بۆ شکاندنی گەمارۆیان، خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن، لە ئاکامدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پەنابەرانی دانیشتوانی کامپەکە و سوپا و پۆلیسی عێراقی دروست دەبێت و ژمارەیەك لە پەنابەرانی کامپەکە بەسەختی بریندار دەکرێن, ئەم هەنگاوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دژ بە خەڵکێکی سڤیل و پەنابەرانێك، کە لەدەست زوڵم و سەرکوت و بی مافی حکومەتی فاشیستی تورکیا هەڵهاتوون و ماوەی ٣٠ ساڵە ژیان و گوزەرانێکی کوولە مەرگی لەم کامپەدا بەسەر دەبەن، دژ بەهەموو پێوانە نیودەوڵەتیەکانە لەبارەی مافەکانی پەنابەرانەوە و ڕێزنەگرتنە لەمافی ژیان و پارێزی جەستەیی ئەو مرۆڤانە لە هەردەستدرێژیەك.

 

کردەوەکان بەپێش چاوی نەتەوەیەکگرتووەکان و یۆنامی بەڕێوەدەچێت

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرباری ئەوەی کە یەکەمین جار نییە پەنابەرانی دانیشتووی ئەم کامپە ڕووبەرووی هێرش و پەلامار دەبنەوە، لەماوەی ڕابردووشدا چەندین جار فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بوردومانی ئەم کامپەیان کردوە و ژیانی دەیان مرۆڤیان لەم کامپەدا لەخوێن هەڵکێشاوە، ئەمە جگە لە هێرشی داعش لە ناوەوە بۆ سەرکامپەکە، تەنانەت ڕێگەگری هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێم لەوەی پەنابەرانی ئەم کامپە هاتووچۆی هەولێر بکەن، بەشێکی زۆری بژێوی ژیان وگوزەران و دابینکردنی پێداویستەکانیى دانیشتوانى کامپى مەخمور لەشاری هەولێر دەستەبەر دەکرێت، ئەم کردەوە نامرۆڤانەیەی بەرامبەر بەم پەنابەرانە دەکرێن بەپێشچاوی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافەکانی پەنابەران و یۆنامی و چاودێرانی ناوەندە نێودەوڵەتیەکانەوە بەڕێوە دەچێت، بێ ئەوەی بەکردەوە بچوکترین بەرپرسیاریتیان لەخۆیان نیشاندا دابێت و بگرە بێ دەنگبوون و فەرامۆشکراوە.

 

لە درێژەى ڕاگەیەندراوەکەی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی ئاماژە بەوەشکراوە، ئێمە بە توندی سەرکۆنەکردنی هێرش بردن و ئابلۆقەی سەر کامپی مەخمور بە بەڵگەیەکی ئاشکرای دەزانین، کە پەنابەران کراونەتە کارتێکی سیاسی بۆ ڕازیکردنی دڵی حکومەتی فاشستی تورکیا و ئەجێنداکەی.

 

هەروەها داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران کردووە، هەڵوێستی بەرپرسیارانەی خۆی نیشان بدات و پاراستنی ئەمنیەت و سەلامەتی ئەم پەنابەرانە بگریتە ئەستۆ و سنورێك بۆئەم دەستدریژیانە دابنێت، کە دەکرێتە سەر ژیان و ئەمنیەتی ئەم پەنابەرانە.