کۆنگرەی ستار سڵاو لە بەرخۆدانی گەلی مەخمور دەکات

بە ئامانجی شەرمەزارکردنی هێرش و هەوڵدانی تەلبەندکردنی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، ئەنجومەنی گشتی کۆنگرەی ستار بەیاننامەیەکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

قامیشلۆ

 

لە کاتژمێر ٤:٠٠ی بەرەبەیانی دوێنێوە، هێزەکانی حکومەتی عێراق هەوڵ دەدەن دەوروبەری کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور تەلبەند بکەن، سەرەڕای کاردانەوەی خەڵکی کامپەکە دژی گەمارۆدانیان، هێزەکانی سەر بە حکومەت هێرشیان کردە سەر خەڵکەکە و دوو گەنجیش لە هێرشەکاندا بریندار بوون، گەل بڕیاریاندا لە دژی گەمارۆ لەژێر چادرا ئێشکگری دەستپێبکەن و لە ڕۆژی دووەمدا بەردەوامن لە بەرخۆدان.

 

ئەنجومەنی گشتی کۆنگرەی ستار سەبارەت بە هێرشەکانی سەر مەخمور بەیاننامەیەکی نوسراوی بڵاوکردەوەو پێشوازی لە بەرخۆدانی گەلی مەخمور کرد و هێرشەکانی حکومەتی عێراقی بۆ سەر خەڵک ئیدانە کرد.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە:

سوپای عێراق دەیەوێت گەمارۆی کامپی پەنابەرانی مەخمور بدات، هێرشەکەی سەر گەلی مەخمور دژی یاسای نێودەوڵەتی و مافی پەنابەرێتییە، لەبەر ئەوەی ئەم کامپە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە قبوڵکراوە، ئەم هەوڵ و هێرشە لەلایەن سوپای عێراقەوە دوای داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا و پەدەکە دەکەوێت، بەم شێوەیە، ئەوان دەیانەوێت هەموو ڕێگاکانی ژیان بۆ گەلی کورد کە بۆ ئازادی خۆیان تێدەکۆشن، بگرن، هەروەها ئامانجی بەردەوامبوونی سیاسەتی جینۆسایدە دژی گەلی کورد کە چەندین ساڵە پەنابەران لەژێر بارودۆخێکی سەختدا لە کامپی مەخمور دەژین، هەروەها مافی چارەسەرکردنی کێشەی خۆیان هەیە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەن بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، بە پێچەوانەوە، مافی پەنابەرییان هەمیشە پێشێل دەکرێت و ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە.

 

بە ناوی ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار ئەم هێرش و هەوڵانەی حکومەتی عێراق شەرمەزار دەکەین، لە هەمان کاتدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین کە هاوبەش نەبێت لە سیاسەتی جینۆسایدی فاشیزمی دەوڵەتی داگیرکەر و هاوپەیمانەکانی، ئێمە بە ڕێزەوە سڵاو لە هەڵوێست و بەرخۆدانی گەلی مەخمور دەکەین .