لە ئۆپەراسیۆنەکانی ٢١ شاردا ١٢٦ کەس دەستبەسەر کران

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا لە ئامەد ١٢٦ کەس کە هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران و سیاسەتمەداریان تێدایە، دەستبەسەر کران. ناوی ٦٩ کەسی دەستبەسەرکراو ئاشکرا کرا و هەدەپەش دەڵێت ئەردۆغان کودەتای سیاسی دەکات.

ئامەد

 

پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان کە ناوەندەکەی ئامەد بوو، لانیکەم ١٢٦ کەس لە ٢١ شاردا کە ڕۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار، پارێزەر، سەرۆکی سەندیکا و هونەرمەندن.

 

لە شارەکانی ئامەد، ماردین، سێرت، چەولیک، وان، شرناخ، ئیلح، دیلۆک، ڕەحا، بورسا، ئەستەنبوڵ، ئیزمیر، مێرسین، موش، بەدلیس، جولەمێرگ، عوسمانییە، سێواز، مەلاتیا، سەمسور و ئەنقەرە پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر دەیان ماڵ و ناوەند و پشکنین ئەنجامدرا، پێداویستی و کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسانیش دەستی بەسەرداگیرا.

 

ڕاگەیەندرا کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ زۆر کەسی دیکە هەیە، تا ئێستاش ٢٥ پارێزەر دەستبەسەر کراون.

 

لەوبارەیەوە پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاندووە: دەوڵەتی ئاکەپە و مەهەپە کە لە لێواری شکستێکی گەورەی هەڵبژاردندایە، بەهۆی شکست و ترسەوە هێرش دەکاتە سەر پارتەکەمان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هێزی کۆمەڵایەتی و ئۆپۆزسیۆن، ئەمرۆ زیاتر لە ۱۰۰ کەس دەستگیرکران لەو هێرشانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری لە ئامەدەوە دەستی پێکردووە و ٢١ شاری گرتەوە، کە  لەناویاندا  ئۆزلەم گوندوز، جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە و مەحفوز گولیروز، ئەندامی دەستەی جێبەجێکاری ناوەندی هەدەپە و ئەندامان و ڕۆژنامەنووس، پارێزەر و هونەرمەند دەستگیرکران.

 

لە بەیاننامەکەیدا هەدەپە دەڵێت: ئێمە زۆر باش دەزانین دەوڵەتی ئاکەپە و مەهەپە دەسەڵاتی دادوەری چییان کردووە، دەوڵەت کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە هەوڵدەدات ژیانی خۆی درێژ بکاتەوە بە کودەتا سیاسییەکان، کۆمەڵکوژی، پڕوپاگەندە، شێوازەکانی جەنگی تایبەت، بە هەموو جۆرە هێرشێک، پڕۆسەیەکی نوێی کودەتای دژ بە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار بە شەپۆلی دەستگیرکردن دەستیپێکردووە.

 

هەروەها هەدەپە جەختیکردووەتەوەم کە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئۆپەراسیۆنێکە بۆ دەستگرتن بەسەر خواستی خەڵک و سندوقەکانی دەنگدان، هاوکات ئەم ئۆپەراسیۆنە هەوڵێکە بۆ ترساندن و هەڕەشەکردن لە خواستی سیاسی کۆمەڵگە.