لە ئامەد ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران دەستگیرکران

لەسەروبەندی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا، بۆ شاردنەوەی شکستەکانی دەوڵەتی تورکیا دەستی کردووە بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و پارێزەران.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٥ی نیسان، ئۆپەراسیۆنی هەڵکوتانە سەر ماڵان لە ئامەد دەستیپێکرد و پۆلیسی دەوڵەتی تورک ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان، پاریزەران، هونەرمەندان و سیاسەتمەدارانیان دەستگیر کرد.

 

ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن نوسینگەی داواکاری گشتیی ئامەدەوە دەستیپێکردووە و لەکاتی هەوڵکوتانە سەر ماڵاندا لە ئامەد و چەند شارێکی دیکە وەک لە وێنەکان دەبیندرێت پشکنین و گەڕان لەناو ماڵەکاندا کراوە.

 

لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکاندا، سەرنووسەری ئاژانسی میزۆپۆتامیا و پەیامنێرەکەی، سەرنووسەری یەنی یاشام، خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی خۆبوون، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد بۆ ئازادی، چەندین پارێزەر، ڕاوێژکاری ڕۆژنامەوانی و هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان، چەندین ئەندام لە شانۆی شاری ئامەد و زۆرێک لە سیاسەتمەداران دەستبەسەر کران.

 

فەرهات چەلیک، خاوەن ئیمتیازاتی ئاژانسی میزۆپۆتامیا نەتوانرا لە گەڕانەکەدا دەستگیر بکرێت، چونکە لە ماڵ نەبوو، هاوکات لە چەندین ناوچەی دیکە گەڕان و پشکنین بەردەوامە.

 

تەیب تەمێل، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کاردانەوەی لەسەر هەژماری خۆی بۆ میدیا دژە نەتەوەییەکان دەربڕی و وتی: "لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا حکومەت بەهۆی ترسی دۆڕان پەنای بۆ ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرکردن بردوە، دەیان هاوڕێمان لە ئامەد دەستبەسەر کران، لەنویاندا ئەندامانی مەیەکە پارتیمان و جێگرانی سەرۆک و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و پارێزەر هەیە"، ئەوەشی بە دەوڵەتی تورکیا وت؛ "تۆ ناتوانی خۆت لە شکست ڕزگار بکەیت".