لە مامورەک ژنان لە دژی ڕژاندنی داروپەردووەکان ئێشک دەگرن

لە مامورەک، ژنان کاردانەوەیان بەرامبەر ڕشتنی داروپەردووەکان هەیە کە دوای بوومەلەرزەکە دەڕژێندرێنە ناو گەڕەکی عەلەوییەکان و ئاماژەیان بەوەکرد, خاکەکەیان پیس بووە و شوێنێک بۆ ژیان نەماوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

مەڵاتیا- دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە ناوەندەکەی مەڕەش بوو، وەک زۆربەی شارەکان لە ماڵاتیا سێ هەزار بینا هەڵوەشان و تا ئێستا کاری لابردن و پاککردنەوەی داروپەردووەکان بەردەوامە، بەهۆی لابردنی پاشماوەکان بۆ ناو کامپی زانکۆی ئینۆنیو و ١٤ گەڕەکی ناوچەی مامۆرەکی لە ناوچەی باتالغازی، هاوڵاتیان کاردانەوەیان هەبوو، بەڵام دواتر داروپەردووەکان ڕژێنرانە ناوچەی چەرمیکتی، لەوانە گۆڕستانی شارەکە.

 

لە ناوچەیەکدا کە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری تێیدا زۆرە داروپەردووەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کاری کشتوکاڵی نەکرێت، ژنانی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر داروپەردووەکان لانەبرێن، باخچەکانیان وشک دەبێت و ئاژەڵەکانیان ژەهراوی دەبن.

 

گوندنشینەکان لە دژی ڕژاندنی داروپەردووەکان ئێشکگرن

لە کاتێکدا کە داروپەردووەکان لە مامورەک ڕژێندراون و لانابرێن، دانیشتوانی گەڕەکەکە پلاتفۆرمی هاوکاری مامۆرەکیان دامەزراند و دەستیان کرد بە چالاکی ئێشکگری، گوندنشینەکان کە بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژە لە مامورەک ئیشکگری دەکەن، ئاماژەیان بەوەکرد بەردەوام دەبن لە خەباتیان هەتا ئەو داروپەردووانەی لە ناوچەکەدا ڕژێندراون لادەبرێن، ژنانیش بە وتنی "ئیتر شێوێنێک نەماوە" کاردانەوەیان نیشاندا.

 

نادریە ئاکداغ، یەکێک لە دانیشتوانی مامورەک، وتی: ئەو داروپەردووانەی لە ناوچەکەدا دەڕژێن زیان بە هەموو خەڵک و سروشتی ژینگە و منداڵەکانمان دەگەیەنن، داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین داروپەردووەکان نەڕژێننە ناو گوندەکانمان، بەو شێوەیە، زیان بە تەندروستیمان دەگەیەنن، ئێمە لە بوومەلەرزەکەدا زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە و خەڵکەکە ئێستا ئازار دەچێژن و ئەوانەی ماونەتەوە چاوەڕێی نەخۆشی و مردن دەکەن بەهۆی مەترسی ئەو وێرانانەوە، ئەوە گوناهێکە و ئەگەر بیانەوێت دەتوانن لایببەن، ئێمە لێرە ئاژەڵی زۆرمان هەیە، زەوی کشتوکاڵیمان هەیە، لە هەموو شوێنێک باخچە و شیری ئاژەڵەکان هەیە و میوەکانمان بەم هەوا پیسەی داروپەردووەکان ژەهراوی دەبن.

 

"هەرچەندە شوێنە دوورەکان هەن، بەڵام دەیڕژێننە ناو گەڕەکەکان"

زەلیها پەسەن، ئاماژەی بەوەکرد سەرەڕای هەبوونی شوێنە دوورەکان داروپەردووەکان دەڕژێننە ناو گەڕەکەکان، وتیشی: با ئەو داروپەردووانە لێرە لابەن، هەتا ئەو کاتەی لادەبرێن، بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان، ئێمە منداڵمان هەیە و ئەمڕۆ و سبەی هەموومان نەخۆش دەکەوین، هەرچەندە شوێنە دوورەکان هەن، بۆچی دەیڕژێننە ناو گوندەکان؟ هەزاران کەس لەم ناوچەیەدا دەژین، ئەگەر لاینەبەن هەموو شتێک ژەهراوی دەبێت.

 

"باخچە و ئاژەڵەکان ژەهراوی دەبن"

وەسیلە پەسەن، ئاماژەی بەوەکرد بەهۆی داروپەردووەکانەوە هیچ میوە و سەوزەیەک لە باخچەکانیاندا نابێت و ناتوانن خۆراک بە ئاژەڵەکانیشیان بدەن، خەڵک دوای بوومەلەرزەکە ناچارن لەناو داروپەردوودا تێبکۆشن، داروپەردووەکانیان هێناوە تا بەردەرگاکانمان، ئەم دۆخە زۆر خراپە، مەترسیدارە بۆ منداڵان و ئاژەڵ و باخچەکان، تا ئەو کاتەی ئەم داروپەردووانە لانەبرێن، ئێمە پارێزراو نین.