کارەساتی بوومەلەرزەکە دەچێتە یازدەهەمین ڕۆژی خۆیەوە و زیاتر لە دوو ملیۆن کەس بێ ماڵ و حاڵن

دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکارەی بەرەبەیانی ڕۆژی ٦ی شوباتدا کوردستان، تورکیا و سوریای گرتەوە، جگە لە چۆڵکردنی هەزاران ماڵ کە مەترسی ڕووخانیان لەسەرە، قەیرانی "بێ ماڵ و حاڵ" لە هەردوو وڵاتدا دەستی پێکردوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە بوومەلەرزە وێرانکارەکەی تورکیا و سوریا، لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی کێشەی بێ ماڵ و حاڵەکان، تیمەکانی فریاگوزاری هیوایان هەیە کە ڕزگاربووانی نوێ بدۆزرێتەوە.

 

بەپێی دوایین ئامارەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە، ٤٢ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زیاتر بەرز ببێتەوە، تیمەکانی فریاگوزاری هێشتا بە درێژایی کاتژمێرەکان کار دەکەن، بەو هیوایەی کەسانی زیندوو لە ژێر پەردووەکاندا بدۆزرێتەوە.

 

باکووری کوردستان و تورکیا بەدەست خراپترین حاڵەتی بێ ماڵ و حاڵەوە دەناڵێنێت لە جیهاندا، بەو پێیەی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لانی کەم لە تورکیا ماڵەکانیان لەدەستداوە و بێ ماڵ و حاڵ بوون، دەیان گۆڕەپانی یاری و پارک و شوێنی گشتی و قوتابخانە و چەندین شوێنی دیکە بە مەبەستی داڵدەدانی ئاوارەکان چادر هەڵدراوە، لە کاتێکدا زۆربەیان شەوەکانیان لەناو ئۆتۆمبێلدا بەسەردەبەن، یان لە دەرەوە و لەبەر سەرمادا دەمێننەوە.

 

بەشێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە هەوڵی فریاگوزاری خۆیان دەستپێکردووە، دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی حکومەت "ئافاد"یان تۆمەتبار کردووە بەوەی بەربەستی هاوکارییەکان بۆ دەستکەوتی سیاسیە بەر لە هەڵبژاردنەکان، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، هەروەها کۆمەڵێک لە چالاکوانان و سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن چەندین بارهەڵگری فریاگوزاری لە ناوچەی سەمسور لەلایەن دەزگاکانی دەوڵەتەوە دەستی بەسەرداگیراوە.

 

نزیکەی ١٠٠ وڵات و ٣٤ باڵیۆزخانە پاڵپشتی و هاوکارییان بۆ تورکیا نارد و ٧٦ وڵاتیش تیمی فریاگوزارییان نارد و ١٢ وڵاتی ئەوروپیش ٥٠ هەزار چادری زستانە و ١٠٠ هەزار بەتانی و ٥٠ هەزار گەرمکەرەوەیان دابینکرد و زۆر وڵاتیش کار بۆ دامەزراندنی نەخۆشخانەی مەیدانی دەکەن.

 

لە کاتێکدا لە ٩ی شوباتەوە ١١٧ بارهەڵگر لە تورکیاوە پەڕینەوە بۆ باکوور و ڕۆژئاوای سوریا، لەنێویاندا ١١ بارهەڵگر لە ڕێگەی دەروازەی باب سەلامەوە، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ستیفان دوجاریک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ١٠٦ بارهەڵگر لە دەروازەی باب ئەلهەوا پەڕیونەتەوە.

 

پرۆگرامی خۆراکی جیهانی بەنیازە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ٤٠ بارهەڵگری تر ڕەوانە بکات، پرۆگرامەکە لە ڕێگەی دەروازەی بابەوە ڕۆشتووە ٢٢ بارهەڵگر بە خۆراکی قوتوو و دۆشەکەوە، هەروەها ژەمی ئامادەکراو و کەلوپەلی دیکەی خۆراک بەسەر خێزانە ئاوارەبووەکانی شاری حەلەب و حەمە و لازقیە و ئیدلب دابەش دەکات.

 

یونیسێف یارمەتی دابینکردنی تەواوکەری خۆراکی بچووکی دا بۆ ١١٣ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ و هەزار ژنی دووگیان یان شیردەر بۆ ماوەی سێ مانگ، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بە گشتی سێ هەزار و ٧٩٠ کەسی خەڵکی شاری حەلەب ئاوارەبوون بۆ پێنج ناوچەی لاوەکی لە لادێکانی حەلەب، تیمە گەڕۆکەکان و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان بە خزمەتگوزاری پاراستن و ڕەوانەکردن پشتگیری خێزانە ئاوارەکان دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشدا کە سەرۆکەکانی لیژنەی هەمیشەیی نێوان دەزگاکان فراوانکردنی چوارچێوەی مرۆیی سەرتاسەری سیستەمیان بۆ ماوەی شەش مانگ ڕاگەیاند.