ژنانی ئەفغانستان ئیدانەی دەستگیرکردنی چالاکوان نێرگس سادات دەکەن

ئەندامانی بزووتنەوەی ژنانی بەهێز لە ئەفغانستان و تەڤگەری ئازادی لە ئاوارەیی بۆ ئیدانەکردنی دەستگیرکردنی چالاکوانێکی مافی ژنان و دوو مامۆستای زانکۆ گردبوونەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٥ی شوبات، ئەندامانی بزووتنەوەی ژنانی بەهێز لە ئەفغانستان و تەڤگەری ئازادی لە ئاوارەیی، لە ئیسلام ئاباد و کابول دژی دەستگیرکردنی چالاکوان نێرگس سادات گردبوونەوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی چالاکوانانی مافی ژنان نێرگس سادات، ئیسماعیل مەشعەل و زەکەریا ئسولییان کرد.

 

ئەندامانی "تەڤگەری ئازادی لە ئاوارەیی" لە شاری ئیسلام ئابادی پاکستان، لافیتەیەکیان نە نووسراوی "ڕێکخراو و دامەزراوە مرۆییەکان کە داکۆکی لە مافەکانی نێرگس سادات دەکەن"، "نێرگس سادات تاوانبار نییە، ئازادیان بکەن"یان بەرزکردەوە و داوای ئازادی نێرگسیان کرد.

 

هەروەها "بزووتنەوەی بەهێزی ژنان لە ئەفغانستان" لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای ئازادکردنی نێرگس ساداتیان کرد، کە لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکرابوو، داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ کرد پشتیوانی ئەو کەسانە بکەن کە تووشی توندوتیژی بوون و سکاڵایان لەسەر تۆمار بکات.

 

تاڵیبان چالاکوان نێرگس ساداتیان لە شاری کابول، ڕۆژی شەممە ١١ی شوبات دەستگیرکرد و هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ناوبراوەوە نییە.

 

هەروەها مامۆستا ئیسماعیل مەشعەل مامۆستای زانکۆ، دوو هەفتە لەمەوبەر بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکرا و زەکەریا ئوسوڵی نووسەر و مامۆستای زانکۆ بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر قەدەغەکردنی خوێندنی کچان، لە ٣١ی مانگی یەکدا لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکرا و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ئەو سێ کەسە لەبەردەستدا نییە.