ئەشکەنجەی لەیلا حسێنزادە و گواستنەوەی بۆ زیندانی ئەڤین

ئەبولفازل حسێنزادە، برای لەیلا حسێنزادە، ئاماژەی بەوەکرد کە جگە لە لێدان لە خوشکەکەی، سوکایەتی پێکرا و ڕەوانەی بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی پێنج شەممە ٥ی کانوونی دووەم، ئەبولفازل حسێنزادە، برای لەیلا حسێنزادە کە لە ١٦یەمین ڕۆژی مانگرتندایە، ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی جەستەیی لەیلا بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا کە لە ئینستاگرامدا لەلایەن ئەبولفازل حسێنزادەوە بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی: نزیکەی نیوەشەو ئەفسەرانی زیندانەکە چوونە زیندانەوە و بە لەیلایان ڕاگەیاند کە ئامادە بێت بۆ گواستنەوە، لەوەڵامی ئەو داواکارییەدا، لەیلا وەڵامی داوەتەوە، بەوەی "یان ئازادی یان بۆ هیچ شوێنێک نایەم"، ئەفسەرەکان بە توندی جەستە نەخۆشەکەی لەیلایان لە زیندانی عادل ئاباد دەرهێناوە.

 

براکەی لەیلا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە خوشکەکەی ئێوارەی دوێنێ، ٥ی کانوونی دووەم لە زیندانی ئەڤینەوە پەیوەندی بە خێزانەکەیەوە کردووە، وتویەتی: "جگە لە لێدانێکی زۆر سوکایەتی پێکراوە و لە تاران بەنیازبوون بینێرن بۆ قەرچەک، ئەوان هەڕەشەی مانگرتن لەخواردنیان لە لەیلا کرد و ڕەوانەی بەشی ژنانی زیندانی ئەڤینیان کرد".

 

وتیشی: "لەیلا بە هیچ شێوەیەک باش نییە و دەبێت دەستبەجێ ڕەوانەی نەخۆشخانە بکرێت".

 

لەیلا حسێنزادە، سەرەڕای نەخۆشییە توندەکەی و پێویستییەکی زۆری بە دەرمان، ماوەی ١٦ ڕۆژە لە مانگرتنی دەرماندایە، ئەو ڕۆژی ٢٠ی ئاب لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە تاران بە لێدان دەستگیرکرا.