لە هێرشی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەردا ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا

ئەو هێرشانەی کە دەوڵەتی تورک بۆ سەر شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە ئەمڕۆش بەردەوامە، لەو هێرشانەدا ڕۆژنامەنووسێک و ١١ کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا و نەخۆشخانەیەکیش وێران بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بۆ سەر ناوچەکانی دێرک و کۆبانێ و زرگان و شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە قەندیلی باشووری کوردستان کە شەوی ڕابردوو دەستیپێکردبوو، بەردەوامە.

 

فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر شەوی ڕابردوو گرێی مشتەنووری لە کۆبانێ بۆردومان کرد، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە بۆردومانی دەستپێکردەووە و لەو هێرشانەدا نەخۆشخانەی کۆڤید تایبەت بە تووشبوانی کۆرۆنا بەتەواوی وێران بوو.

 

٩ کەس لە دێرک گیانیان لەدەستدا

لەو هێرشەی کە کرایە سەر دێرک، ٩ کەس گیانیان لەدەستدا، یەکێک لەوانە ڕۆژنامەنووس لە ئاژانسی هاوار نیوز، عیسام عەبدوڵایە، ڕاگەیەندراوە، کە ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە کاتی یەکەم هێرشدا بۆ هاوکاری بریندارەکان چووبوون.

 

سێ کەس لە زرگان گیانیان لەدەستدا

دەوڵەتی تورک لە گوندی تل هەرمەل لە باکووری زرگان و گوندی دەهر ئەلعەرەبی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی زرگان تۆپباران کرد، بەو هۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکە برینداربوون.

 

هەر لەو هێرشەدا سێ سەربازی ڕژێمی سوریا کوژران و ٥ سەربازیش برینداربوون.

 

ڕۆژنامەنووسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکە برینداربوو

پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی هاوارنیوز، عیسام عەبدوڵا، لەو هێرشانەدا گیانی لەدەستدا، محەمەد جەراد، پەیامنێری ستێرک تی ڤیش برینداربوو.

 

هەروەها سەربازانی سوریا کوژران

لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک بۆ سەر گوندی شەوارخا لە ناوچەی شەرای کانتۆنی عەفرین، ١٠ سەربازی حکومەتی شام کوژران و پێنجی دیکەش برینداربوون.

 

خاڵی پشکنینی هێزەکانی حکومەتی شام لە گوندی قزەلی ڕۆژئاوای گرێسپی بە بۆمب کرایە ئامانج لەو هێرشەدا سەربازێکی حکومەتی شام کوژرا و دووی دیکەش برینداربوون.

 

جموجوڵ و سوڕانەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک " SÎHA" بەسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە.