هاواری بێدەنگی

بەیاننامەی دەستەیەک لە شاخەوانانی شاری سنە بە ناوی "هاواری بێدەنگی" بڵاوکرایەوە و داوای گردبوونەوەی شاخەوانان دەکرێت.

هیما ڕاد

 

ئێوارەی دوێنێ، ٢٠ی تشرینی یەکەم، لەلایەن شاخەوانانی شاری سنە بەدرێژایی چیای گوێزە کوێر، کە یەکێکە لە چیاکانی ئابیدەر، بەیاننامەیەکی تایبەت بە شاخەوانانی شاری سنە لەژێر بەرد و دارەکاندا بڵاوکرایەوە.

 

بەیاننامەکە لە ژێر بەردەکان و بەدرێژایی ڕێگاکان دادەنران بۆ ئەوەی خەڵک بیبینن، جگە لەوە، دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لەسەر بەردەکان نووسرابوو.

 

لە بەیاننامەکەدا داوا لە شاخەوانان و ئەوانەی دەچن بۆ پیاسەکردن کرد کە ئەمڕۆ، ٢١ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ١١ لە پارکی منداڵان کۆببنەوە و داواش لە سەرجەم شاخەوانەکان کراوە کە بە ڕێگای گوێزە کوێر بگەنە پارکی منداڵان.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە خەڵک بە بێدەنگی بێنە شوێنی گردبوونەوە و ناڕەزایی خۆیان بە باڵاترین هۆشیاری سیاسییەوە بگەیەننە سیستمی دەسەڵاتدار.