ئەکادیمیای ژنۆلۆژی: ناگیهان ئاکارسەل چەندین ساڵ لەپێناو تێکۆشانی ژناندا لە زیندان بەرخۆدانی کردووە

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، داوا لە حکومەتی باشووری کوردستان دەکەین، بەزووترین کات بکەرانی ئەم تاوانە بدۆزنەوە، کە درێژکراوەی تاوانە دڕندانەکانی پێشووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە، "ئێمە بەتوندی ئەم تاوانە سیاسییە شەرمەزار دەکەین، کە هێزە فاشیست و هەژمۆنخوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەرامبەر ژنانی بەرخۆدێر ئەنجامی دەدەن".

 

دەقی ڕاگەیەنەدراوی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی:

بۆ ڕای گشتی و راگەیاندنەكان

کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیمان و هەمانکات ئەندامی دەستەی وەشانی گۆڤاری ژنۆلۆژی لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارییدا لە شاری سلێمانی شەهیدبوو، ئێمە بەتوندی ئەم تاوانە سیاسییە شەرمەزار دەکەین، کە هێزە فاشیست و هەژمۆنخوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەرامبەر ژنانی بەرخۆدێر ئەنجامی دەدەن.

داوا لە حکومەتی باشووری کوردستان دەکەین، بەزووترین کات بکەرانی ئەم تاوانە بدۆزنەوە، کە درێژکراوەی تاوانە دڕندانەکانی پێشووە کە بەرامبەر هەریەک لە یاسین بوڵوت و محەمەد زەکی چەلەبی و سوهەیل خورشید ئەنجامدران، ئەگەر بکەرانی ئەم تاوانە ئاشکرا نەکرێن، ئەوە حکومەتی هەرێمیش دەکەوێتە بەر شەپۆلی شۆڕش ژن، کە ئێستا سەریهەڵداوە.

ناگیهان ماوەیەکی زۆر ڕەنجی داوە لە تێکۆشانی ئازادیی ژندا، بەتایبەت لە کارەکانی بزووتنەوەی گەنجانی زانکۆ، چاپەمەنیی و کاروخەباتی ژنۆلۆژی، بە فیداکارییەکی گەورەوە پێشەنگایەتیی کردووە، لەبەر خاتری ئەو تێکۆشانەش چەندین ساڵ لە زینداندا بەرخۆدانی کردووە.

لە ساڵە هەرە زەحمەتەکانی شۆڕشی ژندا لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت لە عەفرین، بە بوێریی و پێداگیرییەکی زۆرەوە هەوڵیداوە بۆ ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕەنگ و شوناسی ژن وەربگرێت و ژنان هۆشیار بکاتەوە، دەست لەسەر دڵ بووە بۆ ژنانی شەنگال، کە ڕووبەڕووی وەحشییەتی داعش ببوونەوە، لێکۆڵینەوەی زۆری کردووە بۆ ڕوونکردنەوەی کۆمەڵناسیی و مێژووی شەنگال و شەنگالییەکان.

ناگیهان ئاکارسەل لەگەڵ ژنانی باشووری کوردستاندا لە سلێمانی کاروباری کتێبخانەی بەرهەمەکانی ژنانی کورد و ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەدەبرد، لەکاتێکدا بە زانستی ژن پێشەنگایەتیی خوڵقاندنی ڕۆشنبیریی ژنی دەکرد، بەدەستی چەپەڵ و تاریکی هێزە داگیرکەرەکان بەشێوەیەکی دڕندانە شەهیدکرا.

ناگیهان ئاکارسەل چەندین ساڵ ڕەنجی دا بەرامبەر ئەو فاشیزمەی، کە ژینا ئەمینیی بەشێوەیەکی دڕندانە کوشت، کاری بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی زیهنیی و زانستیی ژنان بە دروشمی"ژن، ژیان، ئازادیی" دەکرد، ئێمە ناگیهان ئاکارسەل بە بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ژنانی کوردستان دەژیێنین، جەخت دەکەینەوە، کە تۆڵەی هەڤاڵ ناگیهان لە زیهنییەتی تاریکی فایشزم و پیاوەتیی دەکەینەوە.

داوا دەکەین هەموو ژنانی شۆڕشگێڕ، دیموکرات، ئازدیخواز و ئەکادیمیستەکان ئەم تاوانە سیاسییە شەرمەزار بکەن و بە دروشمی"ژن، ژیان، ئازادی" تێکۆشانی دژی داگیرکاریی و فکری تاریکی فاشیزم بەهێزبکەن.

بەتایبەتیش داوا لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و کافییە سلێمان و هەموو ژنانی باشووری کوردستان دەکەین، کە فشار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران، لە بەرامبەری ئەم تاوانەش وەک بەشێک لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" چالاکی بکەن."