خرۆشان لە زانکۆی زەهرا، زانکۆیەک کە هێمای هەڵاواردن بوو

خوێندکارانی زانکۆی تاران و خوێندکارانی زانکۆی زەهرا لە دژی کوشتنی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتیان دەربڕی و دروشمی حیجابی زۆرەملێ و کوشتنی ژنانیان وتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٢١ی ئەیلول، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆی تاران و خوێندکارانی زانکۆی زەهرا، کە هێمای هەڵاواردن و جیاکاری ڕەگەزی بوو، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی تارانەوە گردبوونەوە و بە وتنەوەی دروشمەکانی "خوێندکار دەمرێت بەڵام ژێردەستەیی قبوڵ ناکات"، "زەهرا زەهرا داوای خوێنی مەهسا دەکات" و "مەرگ بۆ دیکتاتۆر" دژی یاساکانی ژنکوژ وەستانەوە و حکومەتی دیکتاتۆری ئێرانیان شەرمەزار کرد.

 

زانكۆكان و خوێندكاران وه‌ك یه‌كێك له‌ پایه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌ هزرییه‌كانی كۆمه‌ڵگە ڕۆڵی سەرەکی و چاره‌نووسسازیان له‌ خوڵقاندنی شۆڕش و ناڕه‌زایه‌تییەکاندا هه‌بووه، بزووتنەوەی خوێندکاران هەمیشە بە توندی دژی ستەمکاری و خۆبەزلزانین و هەژموون و دیکتاتۆری وەستاونەتەوە و ئازادی و دادپەروەرییان هێناوەتە بوون.

 

هەروە‌ها ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پێکهێنانی هۆشیاری چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا. لەم ساڵانەی دواییدا فراوانبوونی کەناڵەکانی پەیوەندیکردن و ئاسانکاری بۆ پەیوەندی نێوان خوێندکاران و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە دەرفەتی بۆ بزووتنەوەی خوێندکاران ڕەخساند تا کاریگەری زیاتریان هەبێت لەسەر کۆمەڵگە و بە شێوەیەکی کاریگەرتر داواکارییەکانیان نیشان بدەن.