٪١٦ی هاوڵاتیانی جیهان نەخوێندەوارن

٨ی ئەیلول بە ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی نەخوێندەواری دیاریکراوە و ئامارەکانی نەخوێندەواریش لە جیهاندا بەرزن.

ناوەندی هەواڵ

 

٨ی ئەیلول لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕۆژی جیهانی نەهێشتنی نەخوێندەواری دیاریکراوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵمەتی نەهێشتنی نەخوێندەواری کە لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی وەزیرەکانی پەروەردە و فێرکردن لە ٨-١٩ی ئەیلولی ١٩٧٥ لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو، دوای ساڵێک یونسکۆ بڕیاریدا ٨ی ئەیلولی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی نەخوێندەواری دابنرێت و هەڵمەتی هۆشیاری و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندەواری بەڕێوەببرێت.

 

بەهۆی جەنگ و ململانێ سیاسییەکان، قەیرانەکان و خراپی ئابوری و داگیرکاری ساڵانە لە جیهاندا هەزاران کەس لە مافی خوێندن بێبەش دەبن، جگەلەوەش لە هەندێک لە کۆمەڵگەکاندا بەهۆی نەبوونی پیداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانەوە، منداڵان ناتوانن بچنە بەر خوێندن و بە نەخوێندەواری دەمێننەوە.

 

بەپێی ئامارەکانی دەخرێتەڕوو، مەزەندە دەکرێت لە جیهاندا زیاتر لە ٧٥٠ ملیۆن کەس ناتوانن بخوێننەوە، بە نزیکەیی لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا ٣٢ ملیۆن کەس توانای خوێندنەوە و نووسینی نییە، ئەگەر چی ئەو وڵاتە بە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان دادەنرێت.

 

بەپێی ئامارێکی یونسکۆ بەهۆی کۆرۆناوە لانیکەم ٢٤ ملیۆن کەس کە ١١ ملیۆنیان کچە، ناتوانن بچنەوە بەر خوێندن، بەگشتی ئاستی خوێندەواری لە بۆ گروپی تەمەن خوار ١٥ ساڵ لە هەردوو ڕەگەزدا ٪٨٦.٣، پیاوانی تەمەن ١٥ ساڵ و زیاتر ئاستی خوێندەواری تێیاندا ٪٩٠، بەڵام ئاستی خوێندەواری ژنان کەمێک لە دوایە و ٪٨٢.٧.

 

لە هەرێمی کوردستان ڕێژەی نەخوێندەواری ٪١٥یە، ئەگەرچی بەپێی پلانی حکومەت بڕیاربوو کار بۆ دابەزینی ڕێژەکە بکرێت، بەڵام بەهۆی قەیران و شەڕی داعشەوە نەتوانرا پلانەکان جێبەجێبکرێت.

 

لە عێراقیشدا کە دانیشتوانەکەی نزیکەی ٤٠ ملیۆن کەس دەبێت، ڕێژەی ٪١٧ی نەخوێندەوارە، بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەکی دیوانی ناوەندی ئامار لە ساڵی ٢٠٢٢دا ڕێژەی نەخوێندەواری ٪١٣یە.

 

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق ڕایگەیاندووە نزیکەی ١٠ ملیۆن و نیو خوێندكار و قوتابی لە هەردوو ڕه‌گه‌ز له‌ ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ خۆیان ناونووس کردووە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی خوێندنی ئەلکترۆنی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مابوونەوە، چاوەڕێش دەکرێت نیو ملیۆن قوتابی لە ماوەی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٢دا ناویان تۆمار دەکەن.