چوونی هاوڵاتی بەهائی بۆ گۆڕستان سنوردار دەکرێت

لە درێژەی فشارەکان بۆ سەر هاوڵاتیانی بەهائی لە ئێران، ژمارەیەک لە هاوڵاتیان ڕووبەڕووی کۆتوبەندی نوێ بوونەوە لە چوونیان بۆ گۆڕستانی بەهائییەکان لە تاران.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٢٦ی ئایار، ئاژانسی هەواڵی هرانا ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە دەردەکەوێت لە کاتی چوونی ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی بەهائی بۆ گۆڕستانی "گوڵستانی جاوید"ی تایبەت بە بەهائییەکان لە تاران، بینییان دیواری کۆنکرێتی بۆ گۆڕستانەکە کراوە و دەرگاکەی داخراوە تا ڕێگری لە چوونی بەهائییەکان بکرێت بۆ گۆڕستانەکە و مەزاری کەسەکانیان.

 

لەو ڤیدیۆیەدا هاوڵاتییەکی بەهائیی دەڵێت: "بەداخەوە سەرتاسەری گوڵستان جاوید کراوەتە دیواری کۆنکرێتی و دەرگا ئاسنینەکان قفڵ کراونم کەس لە گۆرستانەکە نابینرێت ئێمە نازانین بۆچی، ڕوون نییە کە چ پلانێکمان لەسەر بەڕێوەدەبرێت، ئێمە بەڕاستی ماندووین، ئەمە چ دڵڕەقییەکە بەرامبەرمان دەکرێت.

 

گۆڕستانی گوڵستانی جاوید دەکەوێتە نزیک گۆڕستانی خاوەران کە تایبەتە بە ناشتنی زیندانیانی سیاسی ساڵانی ١٩٨٠، کە ڕژێمی ئیسلامی ئێران گۆڕستانەکەی بە دیواری کۆنکرێتی دابڕاندووە، ساڵی ڕابردووش هاوڵاتیانی بەهائی کۆمەڵێک گۆڕی بەکۆمەڵی کەسوکارەکانیان، کە لە ساڵانی ١٩٨١-١٩٨٨ بە کۆمەڵ لەسێدارە درابوون و نێژراون، بەبێ بوونی ناو و ناسنامە دۆزییەوە.