لێکۆڵینەوە لە بەردەکەی گوندی کەمتاران کرا کە دەوترا خەزێنەی تێدایە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپووری داوا دەکات کە شوێنەوارە مێژووییەکان بپارێزرێت و دەست هەڵبگیرێت لە دزین و بە تاڵانبردنی ئاسەوارەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە گوندی کەمتاران لە شارەدێی مەیدان لە هەرێمی گەرمیان لە باشووری کوردستان هەوڵی تێکدان و بە تاڵانبردنی بەردێکی گەورە درا بە گومانی بوونی کەنز و خشڵ و پارچەی شوێنەواری تێیدا، دوای ئاشکرابوونی، بنکەی ئاسایشی مەیدان ڕێگری لە شکاندنی بەردەکە و بە تاڵانبردنی کرد.

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپووری سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا تیمێکی شوێنەوارناسانی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپوری گەرمیان ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوە لە بەردەکە و دوای گەڕان دەرکەوت کە بەردەکە تەنها سروشتییە و هیچ ئاسەوار و خەزێنەیەکی تێدا نییە.

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە هاوڵاتیان دەکات، "زیاتر چاوکراوە بن بۆ پاراستنی ناوچە شوێنەوارییەکان و ڕێگری بکەن لەو کەسانەی لە خەون و خەیاڵی دۆزینەوەی خەزێنە و هێما و کۆمەڵێ شتی دیکەی دروستکراودان بۆ تێکدانی سروشتی جوانی ووڵاتەکەمان".

 

جێی ئاماژەیە کە کوردستان وەک بەشێکی میزۆپۆتامیا لانکەی مرۆڤایەتی و ناوچەی شارستانێتیەکانە، بە درێژایی مێژوو ژیانی تێدا کراوە، بۆ ئەوەش ئاسەوار و شوێنەواری مێژووی و پاشماوەی ژیانی کۆن لە هەر کونجێکی ئەم نیشتمانەدا بوونی هەیە، ساڵانەش چەندین شەوێنەوار و ئاسەواری وەک کوپە و ڕم و ئاڵتون دەدۆزرێتەوە، بەڵام بەهۆی ناهۆشیاری لە پاراستنی مێژوو و گەڕانەوەی کەلوپەلەکان بۆ ئەرشیفی نەوەکان هەوڵی شێواندن، دزین و بەتاڵانبردنی شوێنەوار و ئاسەوارەکان دەدرێت.