بوشرا عەلی: ژنانی كورد و عەرەب لە بواری پاراستن و ئاسایشدا ڕۆڵی گرنگیان هەبووە

سەرۆكی كۆمەڵەی ژنانی ژین لە کۆنفرانسی دیالۆگی کوردیی-لوبنانی بابەتێکی لەسەر ڕۆڵی ژن لە دیموکراسیکردنی کۆمەڵگەدا پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە ژنانی كورد و عەرەب توانیویانە دەستكەوتی گرنگ لە بواری پاراستن و ئاسایشدا بەدەست بهێنن

بەیروت

 

کۆنفرانسی دیالۆگی لوبنانی-کوردی بەردەوامە و لە پانێڵی دووەمدا کە لەلایەن هامۆ مۆسکۆڤیانەوە بەڕێوەدەبرێت، د. خالید عەزی لەبارەی "هاودەنگی و چارەنووسی هاوبەش لە نێوان گەلان لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکاندا"، ئیبراهیم موراد، "فەرهەنگی پێکەوە ژیان و برایەتی گەلان" وتار پێشکەش دەکەن.

 

هەروەها بوشرا عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی ژنانی ژین بابەتێکی لەسەر ڕۆڵی ژن لە دیموکراسیکردنی کۆمەڵگەدا پێشکەشکرد و بەوردیی ڕۆڵی ژنانی لە کۆمەڵگەدا شیکردەوە و ڕەهه‌ندە مێژووییە و سەردەمییەکانی باسکرد.

 

بوشرا عەلی  دەڵێت: بەبڕوای من کێشەی سەرەکیی سەردەمی ئێمە دوورخستنەوەی کۆمەڵگایە لە جەوهەرە ڕەسەنەکەی، کۆمەڵگا بە بەها ئەخلاقییەکانیەوە بوونی هەیە، کە تایبەتمەندییەکانی شوناسەکەی دیاری دەکەن، ئەگەر شوناس و بەهاکان لە کۆمەڵگا زەوت بکرێت، دەبێتە قەوارەیەکی جیاواز، کە لە جەوهەر و بنەڕەتی خۆی دوور دەکەوێتەوە، ئەمە گرنگترین کێشەیە کە زۆرینەی کۆمەڵگاکان لە سەرانسەری ناوچەکە ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

 

ئەوەش دەخاتەڕوو، کە زۆرێک لە توێژینەوە پەیوەندیدارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە نزیکەی ٩٧٪ی مێژووی مرۆڤایەتی دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو کۆمەڵگایەی کە دەتوانرێت پێی بڵێین کۆمەڵگایەکی سروشتی (نیۆلۆتیک)، کە بۆ ماوەی دەیان هەزار ساڵ بەردەوام بووە، لە کاتێکدا ٣٪ـەکەی دیکە شاهیدی دیاردەی کۆمەڵگای چینایەتییە کە خۆی لە (دەوڵەت، پیاوسالاری، دەسەڵاتخواز) دەبینێتەوە و تەمەنی نزیکەی پێنج هەزار ساڵە.

 

دەشڵێت: ئەوەی کۆمەڵگای چینایەتی دەوڵەتی لە کۆمەڵگای سروشتی جیا دەکاتەوە، دابەزینی پێگەی ژنانە، لەگەڵ ئەوەشدا بڵاوبوونەوەی چەندین دیاردەی نەرێنییە بەتایبەت لە دیاردەی تووندوتیژی دژی ژنانەوە تا دەگاتە کوشتن، ئازاردان، دەستدرێژیی، هەراسانکردن، بێبەشکردن لە بنەماکان ماف و ئازادییەکان، تەنانەت تیرۆری سیاسی، ئەمە جگە لە کاریگەریی شەڕەکانی برسێتی، هەژاری، ئاوارەبوون، نەزانی، گۆڕانی دیمۆگرافی و کارەساتی مرۆیی دیکە، کە بە دابەزاندنی پێگەی ژنان تێیدا، ئەخلاق و بەهاکانی کۆمەڵگا دادەبەزن.

 

لە کۆتاییدا بوشرا عەلی دەڵێت: چالاکییە فیکری، زانستی، پیشەسازی، ژینگەیی، کشتوکاڵیی، سیاسی و ئابوورییەکان هەموویان پێویستیان بە کۆنترۆڵ و ستانداردی ئەخلاقی بەرزە، کە خۆی لە ئازادیی ژناندا دەبینێتەوە، بۆ ئەوەی سیاسەتێکی کۆمەڵایەتیی دروست و ژینگەدۆست بەرجەستە ببێت.