نیاز عەبدوڵا: ڕادەستکردنی سەرچاوە سروشتیەکان بە تورکیا بۆ درێژەدانە بە حوکمداری

نیاز عەبدوڵا، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەدا مەسرور بارزانی داهاتووی هەرێمی کوردستان و گازەکەی کە سەروەتێکی نیشتمانییە، ئامادەیە بیخاتە بەردەم قومار و گەمەیەكی دیكەی مەترسیداری بێكۆتایی.

ناوەندی هەواڵ

 

نیاز عەبدوڵا، چالاکوان و ڕۆژنامەنووس لەبارەی چاوپێکەوتنی مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی کۆماری تورکیا دەڵێت: مەسرور بارزانی دەیان ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بە تۆمەتی سوکایەتی و خیانەت خستە زیندان، بەڵام خۆی لە بەردەم تەیب ئەردۆغاندا سوكایەتی بە خۆی و هەرێمی كوردستان قبوڵ دەكات.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی وەها دەنووسێت: مەسرور بارزانی بە تۆمەتەكانی "خیانەت، سوكایەتی، سیخوڕی بۆ وڵاتان و تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان" دەیان رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی بادینانی خستە زیندانەوە، بەڵام خۆی لە بەردەم رەجەب تەیب ئەردۆغاندا سوكایەتی بە خۆی و هەرێمی كوردستان قبوڵ دەكات؛ ئامادەیە داهاتووی هەرێمی كوردستان و گازەكەی كە سەروەتێكی نیشتیمانییە، بخاتە بەردەم قومار و گەمەیەكی دیكەی مەترسیداری بێكۆتایی، بە شانازییەوە دەست دەخاتە دەستی ئەردۆغان بۆ خیانەتێكی دیكە لە كوردبوون و دژایەتیكردنی دۆزی كوردانی بەشەكانی كوردستان.

 

"لەعنەتی گرێبەستی نەوت کۆتایی نەهات، گازیشی هاتەسەر"

دەربارەی گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نەوت، کە کاتی سەرۆک بوونی مەسعود بارزانیدا کرا، دەڵێت: هێشتا لەعنەتی گرێبەستە ٥٠ ساڵەییەكەی باوكی مەسرور بارزانی بۆ فرۆشتنی نەوت بە توركیا كۆتایی نەهاتووە، كوڕەكەشی دەیەوێت لەعنەتێكی دیكە لە رێگای گرێبەستێكی نهێنی فرۆشتنی گاز تۆماربكات، رادەستكردنی سەرچاوە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بە توركیا، تاڵانفرۆشكردنی نیشتیمانە لەپێناو درێژكردنەوەی تەمەنی حوكمڕانی بنەماڵە سیاسییەكانی كوردستان، كە هەر رۆژە و ئابڕووچوونێكی گەندەڵییان لە ئەمریكا و دوبەی و ئەوروپا ئاشكرا دەبێت، خەڵكی كوردستانیش لەگەڵ هەژاریدا لەپێناو ژەمە خواردنێكی سەربەرزانەی نان شەڕیانە.