بەسیمە داود: دروستکردنی دیوار جێبەجێکردنی سیاسەتی پارچەکردن و لەناوبردنە

ئەندامێکی بەڕێوەبەریی کۆنگرە ستار لە کامپی واشۆکانی ئاماژە بەوەدەکات، کە دروستکردنی دیوار لەنێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستاندا، جێبەجێکردنی سیاسەتی پارچەکردن، لەناوبردن و بەردەوامییدانە بە فەرمانی ٧٤ی سەر ئێزدییەکانە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- بەسیمە داود، ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆنگرە ستار لە کامپی واشۆکانی لەبارەی دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان، بە نوژنهای ڕاگەیاند: دروستکردنی دیوار بەردەوامیدانە بە سیاسەت و تێگەیشتنی داگیرکاریی کوردستان و فەرمانی ٧٤ی سەر ئێزدییەکان،ئەوکاتەی کۆمەڵگەی ئێزدیی بەدەستی چەتەکانی داعش و بەپشتیوانیی دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژ کران، حکومەتی عێراق هیچی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدیی نەکرد و پاشەکشەی کرد، یەپەژە و یەپەگە ڕێڕەوی مرۆییان کردەوە و سەدان هەزار ئێزدییان ڕزگارکرد، کە پەنایان بۆ چیاکان بردبوو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە کۆمەڵگەی ئێزدیی ڕووبەڕووی چەندین کۆمەڵکوژیی بوونەتەوە، بۆیە ئێستا خۆبەڕێوەبەرییەکەیان بەهێز دەکەن، بۆ ئەوەی دژی هەموو ئەو هێرشانە بووەستنەوە، کە بەئامانجی لەناوبردن دەکرێتە سەریان، جەختیشیکردەوە: دروستکردنی دیوار بەواتای قبوڵ نەکردنی ئیرادەی گەلی شەنگال و بەردەوامیدان بە هێرشی چەتەکانی داعش و دەوڵەتی تورک دێت.

 

ئەو ئەندامەی بەڕێوەبەریی کۆنگرە ستار تیشکی خستەسەر دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی لە شەنگال و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وتی: دامەزراندنی ئەو سیستمە دیموکراتییە وایکردووە ڕووبەڕووی هێرش ببینەوە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەستوەردان لە بڕیاری سیاسیی عێراقدا دەکات و هێرش دەکاتە سەر شەنگال و چیاکانی کوردستان، عێراقیش بێدەنگە بەرامبەر ئەو هێرشانە، ئەو بێدەنگییە لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی تورکە و چارەنووسی دۆزی کوردیش دەخاتە مەترسییەوە.

 

بەسیمە داود لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێمای بۆ سەردانی ئەمدواییەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان کرد و وتی: بۆ هەموو لایەک ئاشکرابووە، کە دوای هەموو سەردانێک دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و جوگرافیای کوردستان و دەیەوێت داگیری بکات، ئێمە ئەمڕۆ پێویستمان بە یەکێتیی هەیە و لەسەر ئەو بنەمایەش داوا لە پەدەکە دەکەین، نەبێتە بەشێک لە پیلانەکانی دەوڵەتی تورک، دەبێت دانیشتووانی شەنگالیش بەردەوابن لە تێکۆشان، تا ئەوکاتەی ئامانجەکانی خۆبەڕێوەبەریی مسۆگەر دەکەن.