مەترسی لە خراپبوونی دۆخی سودان هەیە

بەگوێرەی ئەوەی لەلایەن کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤەوە پشتڕاستکراوەتەوە، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە سودان لەئەنجامی بەردەوامی ململانێکان و تێکهەڵچوونە بەردەوامەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە مەترسی لەسەر ئاشتی ناوچەکە دروست دەکەن، لە

ناوەندی هەواڵ-

 

ئەو ململانێیەی لە سودان لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، بووەتە هۆی گیان لەدەستدان و ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی، ئەمە جگە لەوەی هەردوو هێزەکە توندوتیژی سێکسی وەک چەکی جەنگ بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا ئەمە پێشێلکردنی سەرجەم یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە.

 

دوێنێ ١ی ئادار، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، قەیرانی سودان بووەتە کارەساتێکی ڕاستەقینە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی فەرامۆشکراوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم قەیرانە کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی هاڵاتیان، هەردوو لایەن بوونەتە هۆی ئەوەی ملیۆنان خەڵکی ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

 

کۆمیساری نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوەکرد، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت سەرنجی خۆی لەسەر ئەو ململانێیە چڕبکاتەوە کە چەند مانگێکە بەردەوامە پێش ئەوەی سودان بکەوێتە ناو قەیرانی زیاترەوە، بە پێویستیشی زانی ئەم ململانێیانە لە ڕێگەی گفتوگۆی ئاشتیانەوە کۆتایی پێبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە سودان دەستبەسەرکراون، ئەمە جگە لەوەی لانیکەم ١٤ هەزار و ٦٠٠ کەس لە کاتی شەڕەکەدا کوژراون، هەروەها ٢٦ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، کە پێدەچێت ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان زۆر زیاتر بێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە شەڕە بەردەوامەکان، توندوتیژی سێکسی وەک چەکێک بەکاردەهێنن دژ بە ژنان و منداڵان، جگە لەوە بەهۆی شەڕەوە ٪٨٠ی نەخۆشخانەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە خزمەتگوزاری دەرچوون، هاوڵاتیانی مەدەنی ناتوانن دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی بگات، ململانێ بەردەوام ملیۆنان کەسی ناچارکردووە لە ناوخۆ و دەرەوەی سودان کؤچ بکەن، ئەمەش پێچەوانە دەبێتەوە و مەترسی لەسەر ئاشتی و ئاسایش و بارودۆخی مرۆیی لە سەرتاسەری ناوچەکە دروست دەکات.