"ژن، ژیان ئازادی" لە ناڕەزایەتییەوە تا شۆڕش بۆ ئازادی

درێژەی ناڕەزایەتییەکان لە سەرتاسەری ئێراندا پەیوەستە بە دروشمی "ژن، ژیان ئازادی"یەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

خەڵک لە شارەکانی ئێران بە شێوازی جیاوازی وەک لە شەقام بوون، مانگرتن، نووسینی دروشم، بەیاننامە و هتد، ناڕەزایەتی لە دژی ساڵانی دڕندەیی و تاوانکارییەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەردەبڕن، ئەم ناڕەزایەتیانە تا شەوی ڕابردوو، ٢١ی تشرینی یەکەم بەردەوام بوو.

 

دوای هەینی خوێناویی زاهیدان، خەڵکی شارەکە هەموو ڕۆژ و بە تایبەت ڕۆژانی هەینی خۆپیشاندانی بەرفراوان بەڕێوەدەبەن. ڕۆژی هەینی، ٢١ی تشرینی یەکەم خەڵکی زاهیدان بە ڕژانە شەقامەکان و وتنەوەی دروشمی دژە حکومەت، جارێکی دیکە ناڕەزایەتییەکانیان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی خستەڕوو، بە فەرمانی ئەحمەد تاهیریی، بەرپرسی پۆلیسی پارێزگای سیستان و بەلوچستان، لە خۆپیشاندانەکاندا ٥٧ کەس دەستگیرکراون و ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنیش هەر بەردەوامە.

 

مەولەوی عەبدولحەمید، ئیمامی هەینیی زاهیدان، ئاماژەی بە کوژرانی خەڵک لە ڕۆژی هەینی خوێناویی زاهیدان کرد و ڕەخنەی لە بێدەنگیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گرت و عەلی خامنەیی بە بەرپرسی ئەم تاوانە ناوبرد، جەختیشیكردەوە، هیچ كەسێك ناتوانێت لەم بوارەدا خۆی لە بەرپرسیارێتی ڕزگار بكات.

 

هەروەها شارەکانی شووش، ئەسفەهان، تەبرێز، سنە، کرماشان، تاران و جوانڕۆ لە هەندێک گەڕەک و شەقامدا خۆپیشاندان ئەنجامدا.