فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەفریقای خوریبگا بە ئامادەبوونی بەرچاوی ژنان دەستپێدەکات
٢٥هەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەفریقا، ئاهەنگێکی سەرنجڕاکێشی داهێنەری ژنان لە سینەمادا بەرجەستە دەکات، کارەکانی دەرهێنەرە بەشداربووەکانی ژن کۆدەبنەوە و مۆزایکێکی هونەری پێکدەهێنن، کە گوزارشت لە بەرخۆدان و کەرامەت و هەوڵی ژنانی ئەفریقا دەکات.

رەجا خەیرات
مەغریب -٢٥هەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەفریقا لە خوریبگا "پایتەختی فۆسفاتەکان" ڕۆژی ٢١ی حوزەیران بە دروشمی"لە ڕاکێشانی چیرۆکنووسەکانەوە بۆ توندی ئەلگۆریتمەکان... گرژییەکانی سینەمای ئەفریقا" دەستیپێکرد، لە فێستیڤاڵەکەدا ئامادەبوونی بەرچاوی ژنە سینەماکارانی ئەفریقی نمایشکرا.
چەندین دەرهێنەری ژن بەشدارییان کرد، کە بە فیلمی بەهێز بەشدارییان لە پێشبڕکێی فەرمی فیلمی درێژدا کرد، ئەم فیلمانە باسیان لە پرسی ژنان و بەرخۆدانیان دەکرد، بۆ ئەوەی دەنگیان ببیسترێت، لەوانە لەیلا تریکی، دەرهێنەری مەغریبی بە فیلمی "تاتۆی با"، خولە ئەساب بنەعمەر،دەرهێنەری مەغریبی بە فیلمی "رازیا"، ئەنجێلا ئاکیرێبۆرۆ ڕاپاتێل، دەرهێنەری لە شاری تۆگۆ بە فیلمی "میکوکو"، ئەلیماتا کیدراوگۆ،دەرهێنەر لە بورکینا فاسۆ بە فیلمی "ئەوە بەسە"، ئۆگاندای ڕەحیمە نانفوکا،دەرهێنەر بە فیلمی "نکێنزی".
ڕوقیە نیۆنگ ئەکتەری سینیگالی ڕایگەیاند، زۆر خۆشحاڵە بە بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا، چونکە بەشداری لە چاپەکانی پێشوودا کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە لیژنەی دادوەری پێشبڕکێکەدا بەشداری کردووە.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەم چاپە تایبەت و جیاواز بوو، بەو پێیەی ڕێزی لە دەنگێکی گرنگی سینەمایی سینیگالی گرتبوو، باسی لە مەنسوور سۆرا، دەرهێنەر دەکات، کە بۆ یەکەمجار لە فیلمێکی درێژدا وەک ڕووخسارێکی نوێی مێینە لە سینەمادا پێشکەشی کرد.
سەبارەت بە بۆچوونی خۆی لەسەر سینەمای مەغریبی، ئاماژەی بەوەدا کە خۆی سەپاندووە و پێشتریش بەشداری لە کۆمەڵێک بەرهەمی دەرهێنەرانی مەغریبیدا کردووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لە ڕووی ڕۆحییەوە "مەغریبییە".
یاسمین لۆی، سینەماکاری کامیرۆنی گرنگی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی فیلمی ئەفریقای خوریبگا بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییەکەی لەنێو فێستیڤاڵەکانی ئەفریقادا دەربڕی، بەشداریکردن و ئامادەبوونی کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر ژیانی پیشەیی خۆی وەک سینەماکارێکی بەسۆز.
سەبارەت بە بوونی ژنان لە سینەمای کامیرۆندا، ئاماژەی بەوەدا کە ژنان زیاتر لە سینەمادا ئامادەن و چەندین خەڵاتیان بەدەستهێناوە، جا چ لە بواری دەرهێنان، یان نواندن، یان سیناریۆنووسیدا، ئەمەش بوونی سەرسەختی ئەوان لە جیهانی سینەمادا، و دید و تێڕوانینی سینەمایی ناوازەیان نیشان دەدات.
لە بەشی کورتە فیلمدا پانزە فیلم لە وڵاتانی میسر، تونس، لیبیا، سینیگال، بێنین، کۆت دیڤوار، تۆگۆ، ئەسیوپیا، ڕواندا، بورکینافاسۆ، کامێرون، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست و مەغریب، وڵاتی میوانداری، بەشداری دەکەن.
زۆرێک لە دەنگە ژنەکان (دەرهێنەری ژنە گەنجەکان) لە جیهانی سینەما بەشداری ئەم پێشبڕکێیە فەرمییە کورتە فیلمە دەکەن، لەچەند وڵاتێکی ئەفریقاوە لەوانە بورکینافاسۆ، بێنین، ئەسیوپیا، کۆت دیڤوار، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، و مەغریبە.
لە ماوەی ئەم چاپەدا، وەک چۆن لە چاپەکانی پێشوودا ئاهەنگی سینەمای ئەفریقای گێڕاوە، فێستیڤاڵەکە ئاهەنگ دەگێڕێت و تیشک دەخاتەسەر سینەمای مۆریتانیا، بە یەکێک لە ئەزموونە هیوابەخش و درەوشاوەکان دەزانێت، ئەم ئەزموونانە بەرهەمی جوانیان لە کیشوەری ئەفریقادا بەرهەمهێناوە، ستایشی کیشوەری و نێودەوڵەتییان بەدەستهێناوە و خاوەنی تایبەتمەندی جیاوازن لە فۆرم و ناوەڕۆکدا.
بە وتەی ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، ئەم ئاهەنگە دەکەوێتە چوارچێوەی پابەندبوونی فێستیڤاڵەکە بۆ ئاهەنگگێڕان بە ئەزموونە سینەماییەکانی ئەفریقا، ناساندنیان، دەستپێکردنی گفتوگۆیەک سەبارەت بە پێشکەوتنەکانیان، دەرگای پەیوەندی نێوان بەرپرسانی کەرتی فیلم لە هەردوو وڵات دەکاتەوە، ئەمەش هاوکاری زیاتر پەرەپێدەدات.
سینەمای مۆریتانیا لە نێو ئەزموونە سینەماییەکانی دیکەی ئەفریقادا بە ژانرێکی تاڕادەیەک نادیار دادەنرێت، وەک وڵاتانی تری ئەفریقا لە ساڵانی شەستەکاندا لەدایک بووە، بەڵام لەدایک بوونی لە وڵاتانی بیانیدا ماوەتەوە و نەیتوانیوە لە ناوخۆدا پشتیوانی بەدەست بهێنێت، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی بەرهەمە سینەماییەکانی لە چەندین فێستیڤاڵی کیشوەری و بیانی خەڵاتی بەدەستهێناوە.
ئەم چاپە تیشک دەخاتەسەر مێژوویەکی دەوڵەمەندی سینەمایی مۆریتانیا، بەدواداچوون بۆ ڕاستی ئێستای سینەمایەک دەکات کە پشت بە دەستپێشخەری تاکەکەسی و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی مۆریتانیا دەبەستێت، سینەما دەکاتە ئامرازێکی پەروەردەیی لە کۆمەڵگەیەکی زارەکیدا کە بە "نیشتمانی ملیۆنێک شاعیر" ناسراوە.
فێستیڤاڵەکە کە تا ٢٨ی حوزەیران بەردەوام دەبێت، کۆڕێک لەسەر "ژیری دەستکرد لە پیشەسازی فیلمدا" لەخۆدەگرێت، کە تەوەرێکە لە پۆستەری چاپەکەدا دەربڕدراوە، ئەم کۆڕە گوزارشت لە نیگەرانی هەموو ئەوانەی ئارەزووی سینەمای ئەفریقی دەکەن، سینەما هاوتەریب لەگەڵ سەردەمی خۆیدا و پەیوەستە بە توانای چیرۆکنووسانی ئەفریقی بۆ چرپەکردن بە زیرەکی دەستکرد، لە گەڕان بەدوای لەدایکبوونی نوێبوونەوەی خەونێکی ناوازەی بینراوی ئەفریقی.
بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕانکارییە گەورانە کە دەستیان کردووە بە گۆڕینی ڕوخساری جیهان و هەڵدانەوەی پرسی "ژیری دەستکرد"، چاپی ٢٥ەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەفریقای خوریبگا دەبێتە هەلێک بۆ پسپۆڕان و سینەماکاران بۆ قووڵکردنەوەی باسەکە، ئاشکراکردنی ئەو ناڕوونییە گوماناوییەی کە لە دەوری بابەتەکەدا هەیە.