فەریبا بەلوچ خەڵاتی ئازایەتی ژنانی نێودەوڵەتی بردەوە

فەریبا بەلوچ، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ بەهۆی چالاکییەکانی لە بواری بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ژنان، خەڵاتی ئازایەتی ژنانی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی ٢٠٢٤ وەرگرت.

 ناوەندی هەواڵ

 

خەڵاتی نێودەوڵەتی ژنانی ئازا دەدرێت بەو ژنانەی کە بوێری و هێز و سەرکردایەتییان نیشانداوە لە بەرگریکردن لە ئاشتی و دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی ڕەگەزی، ئەم خەڵاتە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە، دراوە بە ١٩٠ ژنی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ لە ٩٠ وڵاتەوە.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند، فەریبا بەلوچ، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ژنان یەکێکە لەو ١٢ کەسەی خەڵاتی ئازایەتی ژنانی نێودەوڵەتی ساڵی ٢٠٢٤یان وەرگرتووە و ئاماژەی بەوەدا کە فەریبا بەلوچ بەهۆی توندوتیژی و لە سێدارەدان و جیاکاری سیستماتیکی دەسەڵاتدارانی ئێران، بەرگری لە مافەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ لە سیستان و بەلوچستان کردووە .

 

سەبارەت بە فشارەکانی دەزگا ئەمنییەکان بۆ سەر فەریبا بەلوچ و خێزانەکەی، لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە لە ئەنجامی چالاکییەکانی فەریبا بەلوچ بۆ مافەکانی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشەی کوشتنی فەریبا بەلوچیان کردووە و کوڕ و براکەیان دەستگیرکردووە لە هەوڵێکدا بۆ سەرکوتکردن و تۆقاندنی.

 

ڕێوڕەسمی ساڵانەی خەڵاتی ژنانی ئازایەتی نێودەوڵەتی لە کۆشکی سپی ڕۆژی دووشەممە ٤ی ئادار بەڕێوەدەچێت.

 

فەریبا بەلوچ، چالاکوانی مافەکانی ژنان وتی: بەرخۆدان تاکە ڕێگەیە بۆ بەرەوپێشچوون و بەردەوام بوون لە بەرگریکردن لە مافەکانی ژنانی ئێران.