فەرەنسا و ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادکردنی نێرگس محەمەدی دەکەن
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر سزای حەوت ساڵ و نیو زیندانیکردن بۆ نێرگس محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەربڕی و داوای لە ڕژێمی ئێران کرد دەستبەجێ ئەو ژنە چالاکوانە ئازاد بکات.
ناوەندی هەواڵ
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند کە ڕژێمی ئێران بە سەپاندنی سزای حەوت ساڵ و نیو زیندانی بەسەر نێرگس محەمەدی، جارێکی تر ڕێگەی سەرکوت و ترساندنی هەڵبژاردووە.
ئاماژەبەوەکراوە، ڕژێمی ئێران مافە سەرەتاییەکانی گەلی ئێران پێشێل دەکات کە نێرگز محەمەدی پارێزەرێکی ماندوونەناسی ئەو مافانە بووە و لەو پێناوەدا تێدەکۆشێت و فەرەنسا داوای ئازادکردنی دەکات.
هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ئەمریکا ئاشکرای کرد کە دادگای شۆڕشی ڕژێمی ئێران، دوای دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە، نێرگس محەمەدی بەهۆی چالاکییەکانی لە بواری مافی مرۆڤدا زیندانی کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە ئێران.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی لێبوردنی نێودەوڵەتی، نێرگس محەمەدی لە کاتی دەستبەسەرکردنی تا ئێستا لە چاوپێکەوتنی خێزان و پارێزەرەکانی بێبەش کراوە، تەنانەت لە کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەشیدا ڕێگەی پێنەدراوە پارێزەری هەبێت، ئەمەش وەک پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان هەژمار دەکرێت.
نێرگس محەمەدی یەکێکە لە دیارترین چالاکوانانی مافی ژن و مرۆڤ لە ئێران، کە بەهۆی خەباتە بەردەوامەکانی چەندین جار ڕووبەڕووی گرتن و ئەشکەنجە بووەتەوە، ئەو لە ناو زیندانیشەوە بەردەوام بووە لە گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان و بەو هۆیەوە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ۲۰۲۳ی پێبەخشرا.