فرمێسک ڕزگار: هێشتا کاریگەریی عەقڵییەتی پیاوسالاری و ترسی کۆمەڵایەتی بوونی هەیە
فرمێسک ڕزگار، چالاکوان و کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان دەڵێت: هێشتا کاریگەریی عەقڵییەتی پیاوسالاری و ترسی کۆمەڵایەتی بوونی هەیە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەروەریی یاسا لە ناوچەکەدا کۆتایی بە دەستێوەردانە کۆمەڵایەتیەکان هێناوە.
ڕاپەرین
لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی جیهانیی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە دەڤەری ڕاپەڕین، ستراتیژێکی نوێی بۆ ئەمساڵ ڕاگەیاند کە جەخت لەسەر پاراستنی ژنان لە مەترسییە تەکنەلۆژییەکان دەکاتەوە.
فرمێسک ڕزگار، چالاکوانی دیاری مەدەنی و کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خیزان تایبەت بە ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: ئەمساڵ بە دروشمی "با یەکبگرین بۆ کۆتاییهێنان و کەمکردنەوەی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر ژنان و کچان" هەڵمەتەکانمان دەستپێکردووە. ئەم هەنگاوەش وەک وەڵامدانەوەیەکە بۆ گۆڕانی شێوازی توندوتیژییەکان، چونکە لە ئێستادا بەهۆی بەربڵاوی سۆشیال میدیاوە، توندوتیژیی ئەلیکترۆنی بووەتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی."
گۆڕانی شێوازی توندوتیژی؛ لە جەستەییەوە بۆ دیجیتاڵی
فرمێسک ڕزگار ئاماژەی بە گۆڕانکارییە ڕیشەییەکانی جۆرەکانی توندوتیژی کرد و وتی: لە ساڵانی ڕابردوودا توندوتیژییەکان زیاتر لە چوارچێوەی "جەستەیی، دەروونی، ئابووری و سێکسی"دا خۆیان دەبینیەوە، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی مەترسیداری توندوتیژیی ئەلیکترۆنی بووینەتەوە. هاتنەناوەوەی تەکنەلۆژیای (زیرەکیی دەستکرد - AI) دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، کە تێیدا دەنگ و ڕەنگ دەستکاری دەکرێن بۆ ناشرینکردن و هەڕەشەکردن لە ژنان، ئەمەش وایکردووە قوربانییان بە ئاسانی نەتوانن لێی ڕزگار ببن.
سەروەریی یاسا و کۆتاییهێنان بە چارەسەری عەشایەری
لەسەر ئاستی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکان، فرمێسک ڕزگار جەختی لە گۆڕانکارییەکی ئەرێنی کردەوە و ڕوونی کردەوە: "لە ڕابردوودا بەشێک لە کێشەکانی ژنان ڕادەستی چارەسەری عەشایەری دەکرانەوە، کە ئەمە هۆکار بوو بۆ دووبارەبوونەوەی توندوتیژی و قووڵبوونەوەی کێشەکان. بەڵام لە ساڵانی دواییدا، بە دەرچوونی چەندین یاسای تۆکمەی تایبەت بە خێزان و ژنان، ئەو دیاردەیە بنبڕ کراوە، لە ئێستادا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئێمەدا، هیچ جۆرە دەستێوەردانێکی عەشایەری بوونی نییە؛ تەنها یاسا سەروەرە و ڕێکارە یاساییەکان بە وردی جێبەجێ دەکرێن بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکان."
"هێشتا کاریگەریی عەقڵییەتی پیاوسالاری و ترسی کۆمەڵایەتی بوونی هەیە"
سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان بۆ تۆمارکردنی سکاڵا، فرمێسک ڕزگار ئاماژەی بەوە دا کە هێشتا کاریگەریی عەقڵییەتی پیاوسالاری و ترسی کۆمەڵایەتی بوونی هەیەو وتی: بەهۆی دابونەریت و ترسی کوشتن یان ئابڕووچوون، بەشێک لە ژنان ناوێرن سکاڵا بکەن. بەڵام ئەمە مانای نەبوونی متمانە نییە بە دامەزراوەکان، بەڵکو پەیوەستە بە قۆناغی پێش گەیشتن بە ئێمە. هەر کاتێک ژنێک دەگاتە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان و شێوازی مامەڵەی هێمنانە و یاسایی دەبینێت، متمانەیەکی تەواوی بۆ دروست دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا فرمێسک ڕزگار جەختی لەسەر گرنگیی هۆشیاریی خێزانی و ڕۆڵی گەنجان کردەوە و وتی: پێویستە حکومەت و خێزان دەست لەناو دەست کار بکەن. دەبێت گەنجان لە ڕێگەی سیمینار و پەروەردەوە ئاشنا بکرێن بە یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و سزاکانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە پەیوەندییەکان، بۆ ئەوەی ڕێگە لەم هەڕەشە ئەلیکترۆنییانە بگیرێت.