فەرمانی ٧٤، کۆچکردن، گەڕانەوە: ئێمە تەنها ئێسک و دیلەکانمان دەوێت

لە شنگال هەموو مرۆڤێک، هەموو دارێک، هەر بەردێک شایەتحاڵی گەورەترین کۆمەڵکوژی سەدەی ٢١ بوو. نیسبەت سلێمان، کە تا ٣ی ئابی ٢٠١٤ ژیاوە، دەڵێت: ئێسکی براکانم و منداڵەکانی براکانم هێشتا بێسەروشوێنن، ئێمە تەنها ئێسک و دیلەکانمان دەوێت.

جیهان زەمۆ

 

شنگال – هەموو شتێک بە دەنگی یەکەم تەقە گۆڕا کە بەرەبەیانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە شەقامە بێدەنگەکانی شنگالدا دەنگی دایەوە، ئەو ڕۆژە نەک هەر هێرشێک بوو، بەڵکو جێبەجێکردنی پلانێکی سیستماتیکی لەناوبردن بوو دژی بوونی گەلێک. دەیان گوندی ئێزدی گەمارۆدران، پیاوان لە سێدارە دران، ژنان کرانە کۆیلە، منداڵ ڕفێندران.

 

بەڵام خەڵکی شنگال نەک تەنها لەبەر بەرخۆدانی خۆیان، بەڵکو لەبەر ئەوەی تاجی بەرخۆدانیان بە ژیانێکی نوێ دانا. ئەم خەباتە مەزنە کە ١١ ساڵی خایاند، وایکرد شنگال بەرگری و ئیدارەی خۆی دابمەزرێنێت، بەم شێوەیە گەلی ئێزدی نەک هەر بەهێزترین وەڵامی داعشیان دایەوە، بەڵکو بەهێزترین وەڵامی ئەو سیستمەیان دایەوە کە داعش دروستی کرد: ئیرادەی خۆبەڕێوەبردن. لەگەڵ نزیکبوونەوەی ١١یەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، کۆمەڵگەی ئێزدی جارێکی دیکە ئەو ڕۆژە ئازاربەخشانەیان لەبیرە. لە شنگال تەڤگەرێکی بێدەنگ هەیە. توڕەیی و دڵتەنگی ڕۆژی فەرمانەکە لەسەر ڕووخساری هەموو لایەکدایە.

 

"لێرەدا، لە هەموو ماڵێکدا، چیرۆکێکی فەرمانەکە پێشوازیت لێدەکات"

لێرەدا لەهەرکەسێک بپرسن، هێشتا ئازارەکانی فەرمانەکە وەک ڕۆژی یەکەم ئەزموون دەکرێن. لەبیرکردن ئەستەمە، چونکە لە هەموو بنەماڵەیەکدا یان دیلێک هەیە، یان کەسێکی کوژراو، یان کەسانێک هەن کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە. لە هەندێک بنەماڵەدا هەموویان پێکەوەن، واتە هەم زیندانی، هەم کوژراو، هەم کەسانێک کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە. پێویست ناکات پێیان بڵێین؛ شار و گوندەکانی وێرانە، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی کە لە هەموو شوێنێک وەک ویژدان و شەرمەزاری مرۆڤایەتی دەردەکەون، هەموو شتێکمان پێدەڵێن، لێرەدا، لە هەموو ماڵێکدا، چیرۆکێک لە فەرمانەکە پێشوازیت لێدەکات. ئەو شتانەی باس دەکرێن، لێکچوونەکانی نێوان ژیان و هەستکردنیان پێناسە ناکرێت. قسەمان لەگەڵ یەکێک لەوانە کرد کە لەو دۆزەخە ڕزگاری بوو. ژنێک کە دوای ساڵانێک بێدەنگی خۆی شکاند، نەک تەنها شایەتحاڵێک؛ یادەوەرییەک، برینێک، چیرۆکێکی ژیان و ئاوەدانکردنەوە، نیسبەت سلێمان یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لە سەردەمی فەرمانی ٧٤دا کەوتە دەست داعش و تەواوی خێزانەکەی لەلایەن داعشەوە کۆمەڵکوژ کران. لەگەڵ نزیکبوونەوەی یادی ١١ ساڵەی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، چیرۆکی نیسبەت سلێمانتان بۆ باس دەکەین.

 

"ژنانی بەتەمەن بردران بۆ شاری بادوش"

 

نیسبەت سلێمان کە ئێستا تەمەنی ٢٧ ساڵە، بەڕەچەڵەک خەڵکی گوندی کۆچۆیە، دوای هاوسەرگیری کردن دەچێتە گوندی تلقەسەب، ئەو کچە لە گوندی تلقەسەب بووە کاتێک فەرمانەکە دەرچووە. نیسبەت سلێمان وتی: پێش ئەو فەرمانە هیچ کاتێک ناوی داعشمان نەبیستبوو، ئێمە نەماندەزانی داعش هێرش دەکاتە سەرمان، بۆیە هیچ ڕێوشوێنێکی خۆپارێزیمان نەگرتەبەر، ڕۆژی ٣ی ئاب، نزیکەی کاتژمێر ٨ی بەیانی، داعش هێرشی کردە سەر گوندەکەمان، بەو پێیەی ئۆتۆمبێلمان نەبوو، بە پێ هەڵاتین، کاتێک کە گەیشتینە پەراوێزی شەنگال، داعش ئێمەی گرت. سەرەتا ئێمەیان بردە سەر دانیشتوانی شەنگال و ژن و پیاو و منداڵیان لەیەک جیاکردەوە، درەنگانی شەو کچێکی گوندەکەمان و خوشکی هاوژینەکەم کە ژنە گەنجەکانیان لەوانی تر جیاکردبوونەوە بریانینە بەعاج، کاتێک دەیانویست وەک دوو دایکی بەساڵاچوو بمانبەن، دەیانویست لەگەڵمان بێن، بەڵام چەتەکانی داعش بە چەکەوە هێرشیان کردە سەریان و نەیانهێشت ئێمە لەگەڵیان بڕۆین، ژنە بەتەمەنەکانیان بردە شاری بادوش. شەوێک لە بەعاج ماینەوە. پاشان ئێمەیان بردە موسڵ و نزیکەی  سێ مانگ لە موسڵ ماینەوە.

 

"مۆبایلەکانیان بردین"

نیسبەت ڕوونیکردەوە کە ڕۆژەکان زۆر سەخت بوون و وتی: ئێمە زۆر ترساوین، هەمیشە بە دوای ئێمەدا دەگەڕان بۆ ئەوەی ئەو کچانە ببەن کە هێشتا منداڵ یان گەنج بوون، دوای ئەوە بردیانینە تەلەعفەر، لێرە ئەو پیاوانەی لەیەکتر جیابووینەوە، بردران بۆ شوێنێکی جیاواز، لەناویاندا هاژوینەکەم هەبوو، لە کاتێکدا ئێمە لەوێ بووین، خێزانێک لە دەستمان هەڵهاتن. دوای ئەوەی خێزانەکە هەڵهاتن، هاتن و ئەشکەنجەیان داین و بە بیانووی ئەوەی تەلەفۆنمان هەیە، هەڕەشەی کوشتنیان لێکردین. بە سەختی قایلمان کردن کە مۆبایلمان نییە. لەوێ، دەیانویست خوشکی هاوژینەکەم لەگەڵ خۆیان ببەن. خوشکی هاوژینەکەم خاوەن پێداویستی تایبەت بوو، و نەیدەتوانی قسە بکات. دوای ئەوەی زانیان کە خاوەن پێداویستی تایبەتە ناردیانەوە.

 

هەمیشە بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕاین بۆ هەڵهاتن

کاتێک نیسبەت سلێمان و خێزانەکەی لە تەلەعفەر دەگیرێن، چەتەکانی داعش دەیانەوێت چەند خێزانێک بکەنە کۆیلە لە کارەکانیاندا. نیسبەت وتی: هیچ بژاردەیەکمان نەبووە و درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: پێیان گوتراین ئەگەر کارەکانمان بکەن، کارتان پێدەدەین، ئەوان دار زەیتون و ئاژەڵیان هەبوو کە لە خەڵکەکە وەریانگرتبوو، دەیانویست سەیریان بکەین، لەوێ هاوسەرەکەم پێی گوتن، ‘ئەگەر لە خێزانەکەم نەمبڕن، هەرچیتان بوێت دەیکەم’، بەم شێوەیە چەند خێزانێکمان برد بۆ ئەوەی کارمان بۆ بکەن چونکە هەموو ڕێگایەک بۆ هەڵهاتن و ڕزگارکردنی خۆمان، هاوژینەکەم و پیاوەکانی خێزانەکانی تر شەوانە ماڵەکانیان بەجێدەهێشت بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بدۆزنەوە تا لە باندەکان ڕابکەین، جارێکی تر باندەکان ئۆتۆمبێلێکیان دەهێنا و پێیان وتین دەرگاکە بکەنەوە کاتێک هاوژینەکەم دەرگای ئۆتۆمبێلەکەی کردەوە باندەکان دەیانوت کە ئەم کەسە هەوڵی هەڵاتنی داوە بەڵام ئەوان گرتوویانە و کوشتوویانە بۆ ئەوەی ئێمەش بە ناچاری موسڵمان بین ئێمەش لە ترسدا قبوڵمان دەکرد کاتێک بەو شێوەیە هەڕەشەیان لێدەکردین، هاوژینەکەم پێی دەوتن: ئێمە ئێستا هی ئێوەین، ئێمە هەرگیز ڕاناکەین، ٣ مانگمان لەوێ بەسەر برد بەم شێوەیە.

 

ژنێکی گەنج و دووگیان...

 

نیسبەت باسی لەوەکرد کە ئەو کاتە دووگیان بووە، منداڵەکانی تریش زۆر بچووک بوون، وتی: زستان بوو و کەش و هەوا سارد بوو، ڕۆژێک خۆمان ئامادە کرد بۆ ڕاکردن، ئەو ڕۆژە کەس لە دەوروبەر نەبوو، کاتژمێر ٧ی ئێوارە بەڕێکەوتین، تا بەیانی گەڕاین، بەڵام هیچ ڕێگەیەکمان نەدۆزیەوە، ناچار بووین بگەڕێینەوە، بۆ ئەوەی گومانیان نەبێت کە ڕامان کردبێت، وەک هەمیشە ماڵەکەمان بەجێهێشت، بەڵام هێشتا زۆر ترساین، بەردەوام دەهاتن بۆ ئەوەی بزانن هەڵهاتووین یان نا، بینیمان کەس لە دەوروبەرمان نییە، بۆیە پێش ئەوەی سەرنجمان بدەن گەڕاینەوە ماڵەوە.

 

حەبی خەوتنم بە منداڵەکانم دا تا ژاوەژاو نەکەن’

هەرچەندە هەوڵی یەکەم سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام نیسبەت و هاوژینەکەی دەستبەرداری بیرۆکەی هەڵهاتن نەبوون. دوای چوار ڕۆژ بڕیاریان دا جارێکی تر هەڵبێن. نیسبەت وتی: ئەگەر بگیراینایە بەدڵنیاییەوە دەکوژراین، بەڵام ژیانمان لەوێ وەک مردن بوو لە هەر ساتێکدا، دوای چوار ڕۆژ، دەرفەتێکی دیکەمان بینی بۆ هەڵهاتن، منداڵەکانم بچووک بوون، بۆیە حەبی خەوتنم پێدان بۆ ئەوەی لە ڕێگادا نەگرین و باندەکە هەستمان پێ نەکەن، شەو بوو و بەڕێکەوتین، دوای ئەوەی بەیانیان بۆ چەند کاتژمێرێک بە پێ ڕۆیشتین، گەیشتینە شوێنێکی پارێزراو بەم شێوەیە ڕزگارمان بوو، دوای ئەوەی ڕزگارمان بوو، پەڕینەوە بۆ زاخۆ و نزیکەی دوو ساڵ لەوێ ماینەوە، لەوێشەوە پەڕینەوە بۆ کامپی قادیە.

 

نیسبەت و هاوژینەکەی بە ئازایەتییەکی زۆرەوە هەڵهاتن و خۆیان لە دەستی داعش ڕزگار کرد، بەڵام ماوەیەکی زۆر هیچ هەواڵێکیان لە بنەماڵەکەیان نەبوو. ژیانێکی سەختیان لە کامپەکاندا بۆ ماوەی ٧ ساڵ بەسەر برد. دوای ماوەیەک هێواش هێواش زانیان لە خێزانەکەیدا کەس نەماوە جگە لە براکەی کە هەموویان کوژراون.

 

دوای ٧ ساڵ گەڕانەوە بۆ شنگال

نیسبەت ئاماژەی بەوەکرد، گەڕانەوەی بۆ شنگال زۆر قورس بووە، لە خێزانەکەی کە نزیکەی ٢٠ کەس بوون، هیچیان لە ژیاندا نین، هەندێکیان هێشتا لە دەستی داعشدان، هەندێکی دیکەشیان لە شوێنی جیاواز کۆمەڵکوژ کراون. وتی: لە خێزانەکەماندا حەوت برا هەبوون، دایک و باوکم، خوشک و براکانم و منداڵەکانیان، کاتێک فەرمانەکە کرا، خێزانەکەم لە گوندی کۆچۆ بوون، لە گوندی کۆجۆ چاڵیان هەڵکەند و ئەو کەسانەی دەیانویست بیکوژن بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ فڕێیاندایە ناو ئەو چاڵانە، باوکم و پێنج براکەم بەم شێوەیە کوژران، یەکێک لە براکانم لە دەستی ئەوان ڕزگاری بوو چاڵەکانی هەڵکەندو خۆی ڕزگار کرد، دایکمیان بە زیندووی فڕێدایە ناو چاڵەکەوە و بەم شێوەیە منداڵەکانی براکانمیان کوشت.

 

"ئێمە ئێسکەکانمان دەوێت"

نیسبەت سلێمان وتی: تا ئێستا کەس هاوکار نەبوون بۆ ئەوەی ئێسکی خێزانەکەمان بەدەست بهێنن. ساڵانە لە دەوروبەری ساڵیادی فەرمانەکەی حکومەتی عێراق، دێن بۆ ئەوەی نمونەی خوێنمان لێ وەربگرن بۆ ناسینەوەی خێزانەکەمان، بەڵام هێشتا ئێسکی دایک و سێ براکەممان وەرنەگرتووە، تەنها ئێسکی باوکم و دوو براکەممان وەرگرتووە، ئێسکی دایکم هێشتا لە بەغدایە، ئێسکی براکانم و منداڵەکانی هێشتا بێسەروشوێنن، دەوڵەت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ ناکات، فریومان دەدات، عێراق خۆی هێشتا دان بە جینۆسایدی ئێزدیدا نەناوە، ئێمە شتی جیاوازمان ناوێت، تەنها ئێسک و پروسکی خۆمان و ئەو دیلانەمان دەوێت کە بەدەست داعشەوەن.

 

وەک دەزانرێت تا ئێستاش هەزاران ژنی ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە وەک کۆیلە بەکاردەهێنرێن و چارەنووسی هەزاران کەسیش نادیارە، لە هەموو شوێنێکی شنگال گۆڕی بەکۆمەڵ هەن و چاوەڕێی کردنەوەیان دەکرێت.