فەرماندەی ئازا و گەنج: مزگین بۆتان
مزگین بۆتان بەرەو کۆبانێ دەڕوات کاتێک هێرشی چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ چڕتر دەبێتەوە، میزگین بۆتان، کە لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە عەین عیسا گیانی لەدەستدا، لە ڕێگەی خەباتی خۆیەوە بوو بە پێشەنگێک بۆ گەلەکەی و میراسێکی بەجێهێشت.
بێریتان هەیام
حەسەکە – شۆڕشی ڕۆژئاوا بە بەرخۆدان و پێشەنگایەتی ژنانی ئازاد دەستکەوتی زۆری بەدەستهێناوە، لە باکوور ڕۆژهەڵاتی سووریا خەباتێکی بەردەوام لە ئارادایە بە ڕۆحی یەکێتی نەتەوەیی و یەکگرتوویی گەلان، چەندین کچ و کوڕی ئازا بەشدارییان کردووە، گەل سنوورەکانی نەناسی و ئەو سنوورە ناسیۆنالیستیانەی کە کۆمەڵگەی لە هەموو لایەکەوە دابەش دەکرد، نەهێشت، ئەوان بە شوناس و بوون و زمان و کولتووری نیشتمانپەروەری خۆیان ئیرادەیان بەهێزتر کرد و ڕوویان کردە بەرەکانی بەرخۆدان، ئەوان بۆ هەر شوێنێک بچن، ئەرکی سەرەکی خۆیان بە پاراستنی نیشتمانیان دەبینن، ئەمەش لە بنەڕەتدا بەهۆی هەستی نیشتمانپەروەرییەوەیە، گەلی کورد و کوردستانییەکان بە ڕۆحێکی خۆبەختکردنەوە ڕوویان لە مەیدانی شۆڕش کرد، ئەوان بە هەموو توانایانەوە بەشدارییان لەم شەڕەدا کرد، لە وەڵامی لێدوانەکەی ئەردۆغانی سەرکردەی فاشیستدا کە دەڵێت "کۆبانێ کەوتووە، دەڕوخێت"، بە کۆی دەنگ وتیان "بەرخۆدان ژیانە" یەکێک لەو کەسانە، فەرماندەی گەنجی ئازا مزگین بۆتان بوو.
ژیان و خەباتی مزگین بۆتان
ڕۆژدا کەینار نازناوی مزگین بۆتان، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە شاری جزیرەی بۆتان کە ناوچەیەکی بەرخۆدان و یاخیبوونە، لەدایک بووە، مزگین بۆتان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بەشداری کرد، هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتییەک کە کەوتە سەر شانی بەجێگەیاند و ئاگاداری ئەرکەکانی ئەو سەردەمە بوو، کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر کۆبانی، وەک ژنێکی ئازا بە تەماحێکی زۆرەوە پەیوەندی کرد و لە ماوەیەکی کورتدا وەک فەرماندەیەکی گەنج ڕۆڵی گرتە ئەستۆ، توڕەیی ئەو لە بەرامبەر ئەو هەموو کۆمەڵکوژییانە بێئەندازە بوو، هەروەک چۆن چالاکانە بەشداری لە هێڵەکانی بەرەی دژ بە کۆمەڵکوژییەکانی داعش لە دژی گەلان کرد، هەروەها بەشداری دژ بەو کۆمەڵکوژییانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە جزیرە و، نوسەیبین و سوور کردبوو.
لە چاوەکانیدا تیشکی ژیانی ئازاد دەهاتە بەرچاو
چونکە دڵێکی گەورەی هەبوو، بە گەرمی هەموو هاوەڵەکانی لە باوەش گرت، شانبەشانی هاوسەنگەرەکانی لە بەرەکانی شەڕدا خەباتێکی بێهاوتای کرد، لە تەمەنێکی گەنجیدا بارگرانی خەباتی نەتەوەیی لە ئەستۆ گرت و، بە کەسایەتییە بەهێزەکەیەوە، تا کۆتایی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کرد، وەک فەرماندەیەکی گەنج لەناو ڕیزەکانی یەپەژەدا، خۆی لە زانستی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕدا پەروەردە کرد، لە بواری تاکتیکی و ستراتیژیدا خەریکی قووڵکردنەوەی لێکۆڵینەوەکانی بوو، پێشەنگایەتی ڕاستەقینەی بەدەستهێنا، خۆشەویستی بۆ خاک و خەباتی بۆ ژیان تێکەڵ کرد، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هەڤاڵانی خەباتدا وتی: ژیانێکی ئازاد وەک گەیشتن بە بەهەشت وایە، بە واتایەکی تر ژیانی ئازادی بە بەهەشت پێناسە کرد.
ژیانێکی ئازاد دەژیا و بەو قسەیە، مانای بە بوونی خۆی بەخشی، بە جۆش و خرۆش و مۆڕاڵێکی زۆرەوە پێشوازی لە هەموو ڕۆژێک دەکرد، مزگین بۆتان لە هەڵسەنگاندنی ژیاندا دەیوت: ئەگەر مرۆڤ لە حەقیقەتی خۆیدا نەژی، ئەوا ناتوانێت هی خۆی بێت، ئەمەش ناهێڵێت جوانی ژیانی ڕاستەقینە ببیندرێت و ئەزموون بکرێت، ئەو کەسانەی لە واقیعی ژیان هەڵدێن ناتوانن هەست بە هیچ شتێک بکەن و هیچ ئەنجامێک لەمەوە دەرناچێت.
بوو بە پێشەنگ بۆ گەلەکەی
مزگین بۆتان هەمیشە لەبەر بەرخۆدان و ژیانی ڕێزی لێدەگیرا، هەنگاوی زۆر بەهێزی دەنا، تا دوا ساتەکانی، هەرگیز سازشی لەسەر خۆشەویستی و مۆڕاڵ و حەماسەتی خۆی نەدەکرد، لە ڕێگەی خەبات و ژیانی خۆیەوە جوانییەکی گەورەی بونیاد نا و بەو شێوەیە خۆشەویست بوو، مزگین بۆتان، کە لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ لە عەین عیسا گیانی لەدەستدا، لە ڕێگەی خەباتی خۆیەوە بوو بە پێشنەگێکی گەلەکەی.