ژنانی شەنگال لە ڕێپێوانێکدا بەڵێنی تێکۆشانیان دا

لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، کۆمەڵگەی ئێزیدی ڕێپێوانێکیان ڕێکخست و ئەو ژنانەی بەشدارییان لە ڕێپێوانەکەدا کرد ئاماژەیان بەوەکرد، ئەردۆغان و دۆستەکانی حەز بە ئازادی شەنگال ناکەن، لە ڕێگەی خۆبەڕێوەبەرییەوە وەڵامی هەر هێرشێک دەدەینەوە.

 

نوژین ئێزیدی

 

شەنگال- لە ١٣ی تشرینی دووەم، لە ڕۆژی ئازادکردنی شەنگال، بەرخۆدان شەنگالی و ئارگەش فەقیر، شەڕڤانانی یەبەشە لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورکیادا گیانیان لەدەستدا، تەرمی ئەو دوو شەڕڤانە لە گۆڕستانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان بە کاروانێکی ئۆتۆمبێل و بە بەشداری سەدان هاوڵاتی شەنگال بەخاک سپێردران، دوای ڕێوڕەسمەکە گەل لە فولکەی مام زەکی کۆبوونەوە و بەرەو شوێنی هێرشەکە ڕۆیشتن، لە شوێنی ڕووداوەکەدا ڕاگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە.

 

ژنانی شەنگالیش دژایەتی خۆیان بۆ دەوڵەتی تورکیا دەربڕی و وتیان: هەر شەهیدێک لە شەنگال بدرێت بەهێزمان دەکات، بۆ تۆڵەکردنەوەی شەهیدان خۆبەڕێوەبەری خۆمان دادەمەزرێنین و شەنگالمان بنیاد دەنێین.

 

"واز لە تێکۆشانی خۆمان ناهێنین" 

فەهیمە سلێمان، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای هەڵسەنگاند و وتی: لەبەر ئەوەی بە پەرۆشییەکی زۆرەوە پێشوازیمان لە ڕۆژی ڕزگارکردنی شەنگال کرد، دەوڵەتی تورکیا حەزی بەوە نەبوو، بۆیە هێرشی کردە سەر منداڵەکانمان، کاتێک هەنگاوێک بەرەو پێشەوە دەنێین، خیانەت و سیخوڕی و هێرش و دڕندەیی خۆی بۆ سەرمان زیاد دەکات، بەڵام لەدوای ئەم کاتژمێرەوە واز لە بیری ڕێبەر ئاپۆ ناهێنین، لەم بیرەدا خۆمان بینیوە کە بەردەوام دەبین لە خەبات، ئێستا بەهێزین و سوپامان هەیە.

 

"گەنجان چەکی شەهیدەکان هەڵدەگرن"

سافیناز ئیبراهیم، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی سنونێ، بەم شێوەیە داوای لە ژنان و گەنجان کرد: هەر شەهیدێک دەبێتە نموونەیەک بۆ دەیان گەنج بۆ هەڵگرتنی چەکەکانیان و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، داوا لە کچان و کوڕەکانمان دەکەم کە بچنە ناو هێزەکانی یەژەشە و یەبەشەوە، بە بەشداری هێزەکانمان و دەزگاو ڕێکخراوەکانمان وەڵامی دوژمن دەدەینەوە.

 

"هیوای شەهیدەکان بەدیدەهێندرێن"

نازێ خدر، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی ئامانجی ڕێپێوانەکەی بەم ڕستەیە خستەڕوو: دوو شەهیدەکەمان برد بۆ خاکی پیرۆز، شانازی دەکەین، بۆیە دەبینن  دوای بەخاکسپاردنی شەهیدەکانمان، ڕێپێوانێکمان ڕێکخست دژی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی عێراق، ئەو شوێنەی کە منداڵەکانمانی تێدا کرا بە ئامانج لە تەنیشت بنکەی حکومەتی عێراق بوو، بەڵام نە سوپای عێراق نەهات بۆ یارمەتیدانی کۆمەڵگەی ئێزیدی و نە ڕێگەیان بە گەل دا بچن بۆ یارمەتیدانی شەهیدان، ئەمە مانای چییە بۆ هاوکاری و هاوبەشی؟ ئەگەر لەماوەی ٨ ساڵی ڕابردوو لە شەنگال بەرخۆدان هەبێت، ئەمجارە سەرکەوتن و سەربەخۆیی دەبێت، هیوای شەهیدەکان بەدیدەهێندرێن.

 

لە کۆتاییدا، بەیاننامەیەک لەلایەن نایف شەمۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگالەوە پێشکەش کرا.