ڕێپاک، سیمینارێکیان تایبەت بە مافەکانی ژنان ئەنجامدا

ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ژنانی کورد سيمینارێکیان سەبارەت بەماددە یاساییەكانی عێراق ‌و هەرێمی كوردستان سەبارەت بە مافەكانی ژنان ئەنجامدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٦ شوبات رێكخراوی پەیوەندییەكانی ژنانی كورد- ڕێپاک ئەمڕۆ سیمینارێكیان بۆ پەیمان عیزەدین، پارێزەر و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، سیمینارەكە لە چوارچێوەی ماددە یاساییەكانی سەبارەت بە مافەكانی ژنان لە یاساكانی هەرێمی كوردستان ‌و عێراق جێگیر كراون سازکرا.

 

پەیمان عیزەدین لە سیمینارەكەدا بە شێوەیەكی فراوان تیشكی خستە سەر یاسای باری كەسێتی، یاسای خراپ بەكاهینانی ئامێرەكانی پەیوەندیکردن، بەتایبەتی ‌و بەگشتی ئەو ماددە یاساییانەی كە سەبارەت بە ژن نوسراونەتەوە ‌و جێگیر كراون، هەروەها لە سیمینارەكە تیشکی خستەسەر ئەنجامە ئەرێنی ‌و نەرێنیەكانی ئەو ماددانە بە بەراوردكردن لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها لە نێوان ئێستا و ڕابردوو.

 

لە سیمینارەكەدا ئاماژەبەوەکرا لە پێناو جێبەجێكردنی یاساكان‌ بۆ گەیشتن بە مافەكانمان پێویستە هەر ژنێك و بەگشتی كۆمەڵگەش ئاستی هۆشیاری بەرز بكرێتەوە‌ و بەرچاو ڕوونی باشی پێ بدرێت، تا بتوانێت لە چوارچێوەی یاسادا داوای مافەكانی خۆی بكات.

 

هەر لە سیمینارەکەدا باس لەوەکرا کە ڕاستی کۆمەڵگەکەمان بە شێوەیەکەیە كە سیستەمی دەسەڵات بەهۆی ئەوەی خاوەنی زیهنیەتێكی پیاوسالاریە کێشە و ئاستەنگی زۆر دروست دەكات لە جێبەجێکردنی یاساکان بۆ بەدەستخستنی مافەکانی ژنان، بەتایبەتی بۆئەوەی بە شێوەیەکی ئەرێنی یاساكان خزمەتی كەیسەكانی ژنان بکات، بەڵام جەخت لەسەر ئەوەش کرایەوە کە بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ‌و تێگەیشتن‌ و باوەڕی و پێداگری ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان دەتوانێت کاریگەری بەرچاوی هەبێت.  

 

لە كۆتایی سیمینارەكە بە پرسیار‌و گفتوگۆی بەشداربووان زانیارییەکان ئاڵوگۆڕکرا، جەخت لەسەر گرنگی ئەو جۆرە سیمنارانە كرایەوە كە پێویستە فراوانتر ‌و زیاتر بكرێن بۆ ئەوەی هۆشیاری یاسایی‌ و ماف لە لایەن ژنان زیاتر ببێت، بۆ هەنگاونان بەرەو داواكردنی مافەكانیان لە رێگەی یاساوە.