ڕژاک سیمینارێکی لە بارەی "ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا" پێشکەشکرد

لە کەرکوک ڕژاک بە هەماهەنگی لەگەڵ هۆڵی شەقامی جمهوری، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئاداردا، سیمینارێکی ڕێکخست.

کەرکوک

 

ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی شەقامی جمهوری لە کەرکوک ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکانی ٨ی ئادار بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی، بەرەوە شۆرشی ژنان هەنگاو دەنێین" سیمینارێکی پێشکەش کرد.

 

سیمینارەکە بە ناونیشانی "ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردیدا" بەئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی ڕۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، مامۆستا، چالاکوانانی ژنان و میدیاکاران بەڕێوەچوو، لەلایەن ڕووناک مەجید، چالاکوان و پێشمەرگەی دێرین پێشکەشکرا و رۆژی ٨ی ئاداری لە تەواوی ژنانی جیهان و ژنانی کوردستان پیرۆز کرد.

 

ڕووناک مەجید سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان وتی: لەبەر ئەوەی ژنان نەیانتوانیوە مێژووی خۆیان بنووسێنەوە، ئەمە وایکردووە مێژووی تێکۆشانی ژنان بە شاراوەیی بمێنێتەوە، کە کەموکوڕییەکی گەورەیە، چونکە ئەو تێکۆشان و خەبات و ڕەنجەی ژن لە بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە ڕۆڵی هەبووە تێیدا نەتوانراوە بینوسێتەوە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، ئەگەر باس لە مێژووی مرۆڤایەتی بکەین، ئەوەە خێزانەکان وەکو ئیستا نەبوون، بەڵکو ژیانێکی هەڕەمەکی بووە، بەڵام ئەوەی هەمووانی کۆکردەوە و دایک-ژن بووە، ژن بوونەوەرێکی دادخواز بووە، جیاوازی نەکردووە لە نێوان منداڵەکانیدا، ئەگەر کوڕ بووبێت یان کچ.

 

هەروەها لە درێژەی قسەکانیشدا ڕووناک مەجید تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی هەژموونی سیستمی سەرمایەداری بۆ دەستگرتن بەسەر کۆمەڵگەدا و ڕایگەیاند: "سیستمی سەرمایەداری چەند هەوڵ دەدات دەست بە سەر کۆمەڵگەکاندا بگرێت، ئەوەندە هەوڵ دەدات کۆی قازانجەکان بۆ خۆی کۆبکاتەوە، بۆ ئەوەی بەڕێوەبەری لە دەستی ژن وەر بگرێتەوە و بیکات بە دەسەڵات، مێژووی ژنی کورد لە تێکۆشانەکان و بەرەوپێشبردنی قۆناغەکان زۆر گەورەیە، هەندێک لە عەقڵیەتەکان  پێیانوابووە ژنی کورد هەر لە ماڵەوە بووە، بەڵام ڕاستییەکەی وانیە، ژنی کورد لە گوندەکاندا ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە پێشخستنی ئابووری و داهێنان و دەستڕەنگینی و جوتیاری و چاندن و چەندین پیشەدا، هەمان ئەرکی ڕێکخستنی خێزان و پەروەردەکردن و پاراستنی منداڵەکانی لەسەر شان بووە".

 

ئامادەبووان بە سەرنج و تێبێنییەکانیان کۆتاییان بە سیمینارەکە هێنا، ڕووناک مەجید لەلایەن سەرپەرشتیارانی هۆڵی شەقامی جمهوری قەڵغانی ڕێزلێنانی پێبەخشرا، دواتر نامیلکەی "ژن، ژیام. ئازادی"، کە لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژییەوە ئامادە رکاوە، بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.