لە ئەنجامی گەمارۆ جۆرێکی دیکەی شەڕ لە دژی هاوڵاتیان ئەنجامدەدرێت

گەمارۆدان لەسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەردەوامە، ئەمەش وایکردووە کەمی کەرەستەی سەرەتایی بۆ ژیان دروست ببێت، هەروەها گرانی نرخی دەرمان، مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکەکە دروستکردووە.

میدیا موقتاد

 

حەلەب- دانیشتوانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەدەست گەمارۆیەکی خنکێنەرەوە دەناڵێنن کە لەلایەن حکومەتی دیمەشقەوە بەسەریاندا سەپێندراوە، بەو پێیەی فیرقەی چوارەم بۆ ماوەی چەند مانگێک گەمارۆیەکی بەسەر گەڕەکەکەدا سەپاند، بە ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی خۆراک و دەرمان و سووتەمەنی، لە ئەنجامی ئەم گەمارۆ خنکێنەرە و سەرمای توند، دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا.

 

لۆرین حەسەن، ئەندامی کۆمۆنی شەهید شیلان لە گەڕەکی شێخ مەقسود دەڵێت، "گەمارۆکە بەسەر هەموو ئەو کەسانەدا سەپێندراوە کە لە گەڕەکەکەدا دەژین و بەرخۆدان وەک شێوازی ژیانیان وەردەگرن، لەوانە کورد، عەرەب، مەسیحی، موسڵمان، و ئەرمەنییەکان، هەموومان بەدەست گەمارۆدانەوە دەناڵێنین."

 

دووپاتی کردەوە کە هەمووان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بەدەست کەمی دەرمان و کەلوپەلی خۆراکەوە دەناڵێنن، لەوانەش سووتەمەنی، بانگەوازی لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد دەستوەردان بکەن بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە گەمارۆکان، جەختیشی کردەوە کە "بەرخۆدانیان بەردەوام دەبێت تا ئەو گەمارۆیە هەڵدەگیرێت."

 

سەلوە خەلیل، کە هاوکات ئەندامی کۆمۆنی شەهید شیلانە، قسەی کرد و ڕایگەیاند، "فیرقەی چوار گەمارۆی خۆی دەسەپێنێت و ڕێگری لە هاتنە ژوورەوەی کەلوپەلی خۆراک دەکات کە گرنگترینیان ئاردە، هەروەها دەرمان و سووتەمەنی،" ڕوونی دەکاتەوە کە " لە سەپاندنی ئەم گەمارۆوە، بەزەحمەت دەرمان دەکڕم، بۆیە ناچار بووم لە دەرەوەی گەڕەکەکەوە بە چەند هێندەیەکی نرخ بیکرم".

 

لەکاتێکدا فەیروز حەیدەر، دانیشتووی گەڕەکی شێخ مەقسوود، ئەو مامەڵە نامرۆڤانەی بەرامبەریان ئیدانە دەکات و دەپرسێت، "ئایا ئێمە سووری نین، بۆچی ئەم گەمارۆیە بەسەرماندا دەسەپێندرێت و تا کەی؟"، بە ئاماژەدان بەوەی کە بازرگانەکان ئەم گەمارۆیەیان قۆستەوە و نرخی خۆراکیان بەرزکردەوە، بە سەرنجدان بە نەبوونی دەرمانی گرنگ کە ژیانی زۆر کەس پشتی پێدەبەستێت، هەروەها نرخە گرانەکەیان ئەگەر هەبێت.