ئیسرائیل هێرشی کردە سەر نابلوس؛ ٢ فەلەستینی گیانیان لەدەستدا

لە شاری نابلوسی داگیرکراوی کەناری ڕۆژئاوا، لە ئەنجامی هێرشی سەربازانی ئیسرائیل ٢ فەلەستینی گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

سەربازانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر شاری کۆنی نابلوس لە باکووری کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو، شەڕ لە نێوان سەربازانی ئیسرائیل کە گەمارۆی ماڵێکیان دابوو و فەلەستینییەکان ڕووی دا، بەپێی بەیاننامەی نووسراوی مانگی سووری فەلەستینی، لەو هێرشەدا ٢ فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها کەسێک لە پشت و قاچەکانی لە ئەنجامی فیشەکی ڕاستەوخۆ بریندار بووە و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

 

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، سوپای ئیسرائیل بە بەیاننامەیەک ئەم هێرشەی پشتڕاست کردووەتەوە، لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە، ئەو ٢ فەلەستینییەی کە لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە "گومانلێکراوەکانن کە لەم هەفتەیەدا هێرشێکی چەکدارییان لە دژی پۆلیس ئەنجامداوە".

 

لە ٣ی تەمموزدا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر شاری جێنینی کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو و ئەو هێرشە دوو ڕۆژە وێرانکارییەکی گەورەی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە، لەو هێرشانەدا ١٢ فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە کە ٤ کەسیان منداڵن و ١٢٠ کەسیش برینداربوون کە ٢٠ کەسیان برینەکەیان سەختە.