لە ئەنجامی هێرشەکانی پاکستان بۆ سەر شاری ساراوان ٧ ژن و منداڵی بەلووچ کوژران

سوپای پاکستان لە هێرشێکی ئاسمانیدا چەند خانوویەکی نیشتەجێبوونی لە گوندێکی سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی کردە ئامانج و ٧ ژن و منداڵ و کوژران و چەندین کەسیش بریندارە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاکستان لە هێرشێکی ئاسمانیدا چەندین خانووی نیشتەجێبوونی لە ناوچەی شەمسەری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان کردە ئامانج و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا ٣ ژن و ٤ منداڵ گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی تریش بریندار بوون، ناوی منداڵە کوژراوەکان بریتین لە بابەر دۆست، هانی دۆست، چراغ دۆست و ماهیکان بەلوچ.

 

ئەگەرچی لە هێرشەکەدا ٧ ژن و منداڵی بەلووچ کوژران، بەڵام جێگری سیاسی و ئەمنیی پارێزگاری سیستان و بەلوچستان هەوڵ دەدات ئەو پرسە بە بێ بایەخ بکات بە ناوهێنانی بیانی.

 

پێگەی هەواڵی سوپای پاکستان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی هێرشەکانی ئەمڕۆ بۆ سەر خاکی ئێران، نووسیویەتی ئێمە هیچ هێرشێکمان بۆ سەر کامپەکانی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکانی ئێران ئەنجام نەداوە و تەنیا پێگەی تاقمە تیرۆریستییەکان کراوەتە ئامانج.

 

چالاکوانانی بەلووچ پێیان وایە ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتەکانی پاکستان و ئێران بۆ هێرشکردنە سەر تاقمەکانی بەلووچ لە خاکی یەکتردا کراوە.

 

جێی ئاماژەیە، ١٦ی کانوونی دووەم دوابەدوای هەڵدانی مووشەک و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن سوپای پاسداران، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی بەلوچستان (پاکستان) کرانە ئامانج و لە ئەنجامدا ٢ منداڵ گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.

 

کوشتن و بریندارکردنی هاووڵاتیانی بەلووچ و بۆردوومانی خانووی نیشتەجێبوون لە گوندە سنوورییەکانی بەلوچستان، لەلایەن هەردوو وڵاتی ئێران و پاکستانەوە بەردەوامە و هەردوو وڵاتیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بارەگاکانی تاقمی جەیش عەدل و جموجۆڵە ئازادەکانی بەلوچستانیان کردووەتە ئامانج.