ئێران، دژی ڕێگریکردن لە ژنان بۆ چوونە یاریگا واژۆ کۆکرایەوە

کاردانەوەکان بەرامبەر ڕێگریکردن لە ژنان بۆ چوونە ناو یاریگا لە یارییەکانی نێوان ئێران و لوبنان لە مەشهەد بەردەوامە، زیاتر لە سەد کەسی بەناوبانگی ئێرانی واژۆیان کۆکردەوە و داوایان کرد بڕیارەکە بوەستێنرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە یاری نێوان ئێران و لوبنان کە لە شاری مەشهەدی ئێران بەڕێوەچوو، ڕێگە بە ژنان نەدرا بچنە ناو یاریگاکان، ئەو ژنانەشی ویستیان بەشداری یارییەکە بن ڕووبەڕووی ڕێگری و هێرش بوونەوە، ئەو ڕووداوەش بووە ڕۆژەڤی ئەو وڵاتە.

 

زیاتر لە سەد کەسایەتی ئێرانی کە پێکهاتبوون لە سەرۆکی یانە نەتەوەییەکانی ئێران، یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران، نووسەران و شاعیران، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانانی سیاسی و چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان و چەندانی دیکە داوایانکرد کە بڕیاری ڕێگریکردنی ژنان هەڵبگیرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە یارییەکە لەلایەن فیفاوە بەڕێوەبراوە و بۆ بەشداریکردن لە سەیرکردنی یارییەکە زیاتر لە ٢ هەزار ژن بلیتیان هەبوو، بەڵام بە بیانووی "ڕێنمایی لە تارانەوە هاتووە" ڕێگری لە ژنان کرا.

 

ت.پ