کەژەکە: ژنانی شەنگال هیوای ژیانێکی ئازادیان بە جیهانی کرد
کۆردیناسیۆنی کەژەکە ڕایدەگەیەنێت، ژنانی شەنگال بە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، هیوای ژیانێکی ئازادیان بە هەموو لایەک و گەلانی جیهاندا بڵاوکردەوە و دەشڵێت: تۆڵەی ئەم کۆمەڵکوژییە بە ڕێکخستن و خۆپاراستنی ژن دەکرێتەوە.
ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی کەژەکە بەبۆنەی ١٠هەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ـی ئاب کە ساڵی ٢٠١٤ بەدەستی چەتەکانی داعش بەسەر شەنگالدا هێنرا ڕاگەیاندراوێکی بڵاکردەوە و تیایدا ڕایگەیاند:
١٠هەمین ساڵوەگەڕی هێرشی هێزە کۆنەپەرەستانی داعش لە سەر شەنگال؛ لە کەسێتی نوژیان ئەرهان، بێریڤان شەنگالی، ئارین شەنگالی، دایە گولی، دایە ئەرزان، جەیلان، مام زەکی، دلشێر هەرەکۆڵ، ئەڤین دێرک، عەگید جڤیان، نوژین سێرت، هێلین مێردین، بەرخۆدان، زەردەشت، سەعید حەسەن، دژوار فەقیر، دڵگەش ڕۆژهەڵات و گەنجۆ هەولێرییدا هەموو هاوڕێیانمان کە لە شەڕی پاراستنی کەرامەتدا شەهیدبوون بە ڕێزداری و پێزانینەوە یاد دەکەینەوەکە وەک دەروێش و عەدولی سەردەم، نەک بە تەنها لە شەنگال، بەڵکو چاند و بەهای هەرە دێرینی مرۆڤایەتیشیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە کۆمەڵکوژی ڕزگار کرد، هیوای ژیانی ئازادییان گەیاندە سەرکەوتن، بەڵێنمان بۆ پێکهێنانی شەنگالێکی خۆسەر بە ئیرادەی خۆی، خۆی بەڕێوەببات، نوێ دەکەینەوە.
کەژەکە جەخت دەکاتەوە کە داعش کە بەرهەمی زلهێزە هەژموونەکانی جیهانە، هێرشی کردە سەر بەها مرۆییەکان و ویستی بە ناوی ژیانەوە هەموو شتێک کۆمەڵکوژ بکات، ئەم هێزانەی کە ساڵی ٢٠١٤ هێرشیان کردە سەر شەنگال، دەیانویست گەلی ئێزیدیمان کە ڕەگی سەرەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جوگرافیای میزۆپۆتامیایە بەناو ژیانەوە پاکتاو بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، لەم هێرشە دڕندانەیەدا ژنانی شەنگال زۆرترین زیانیان بەرکەوت، هەزاران ژن و منداڵ لە بازاڕەکاندا وەک غەنیمەتی شەڕ فرۆشران، کوژران و بەهەزاران کەس ئاوارە بوون و تا ئێستا چارەنووسی هەزاران ژن و منداڵ نادیارە.
هاوکات ئەوەش خراوەتەڕوو، هێرشی چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ ئەوەی سەلماند کە هەر گەلێک هیچ بەرگری و ڕێکخستنێکی خۆی نەبێت، ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبنەوە و ئەم مەترسییە هەمیشە لەبەردەمیاندایە، لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییە، ژنان و گەلی ئێزدیمان لە ڕووداو و مێژووی دوای کۆمەڵکوژییەکە ئەو ئەزموونەیان وەرگرت و هێزی بەرگریی خۆیان بنیاتنا و خۆیان بەڕێکخستن کرد.
لەبەشێکی دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا کەژەکە ڕوونیکردەوە، ژنان گەیشتنە ئەو قەناعەتە کە فەرمان و کۆمەڵکوژی چارەنووسیان نییە، هێز و ورەیان لە ئایدۆلۆژیی ڕێبەر ئاپۆ وەرگرت و هەستان و بەرخۆدانیان کرد، بە گەیشتن بە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ و بیری هەزاران ساڵەی گەلی ئێزیدی، دەستیان کرد بە ڕێکخستنی ژیانێکی ئازاد، ئەو ژنانەی بەڕێگەی تاژێ خۆیان بەڕێکخستن کرد و ئیرادەی خۆیان نیشان دا، لەگەڵ یەژەشە پاراستن و سروشتی خۆیان مسۆگەر کرد.
هەروەها کەژەکە جەخت دەکاتەوە کە ئێستا کاتی ئەوە هات ژنان بە بەردەوە بەرامبەر تانکەکان بووەستن و ئەو خەندەقانەی کە هەڵکەندرابوون بە دەست پڕ بکەنەوە و کاتی ئەوە هات کە چەک هەڵبگرن بۆ بەرگریی کردن لە خۆیان و شەنگال، ژنانی شەنگال بە پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، هیوای ژیانێکی ئازادیان بە هەموو لایەک و گەلانی جیهاندا بڵاوکردەوە.