'بە قەڵەم و کامێراکانیان درێژە بە کاروانەکەمان دەدەین'

ڕۆژنامەنووسانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان ئیدانە کرد و ڕایانگەیاند: بە قەڵەم و کامێراکانیان درێژە بە کاروانەکەمان دەدەین.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتانی کردە ئامانج لەو کاتەی کە لە ئەرکدا بوون، لەسەر ڕێگای نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچکەی سیرین لە کانتۆنی فورات و لە ئەنجامدا هەردوو ڕۆژنامەنووسەکە گیانیان بەختکرد.

 

ڕۆژنامەنووسانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پشتڕاستیان کردەوە کە بەکرێگیراوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەوڵی شاردنەوەی ڕاستی پێشێلکارییەکانیان لە ناوچەکە دەدەن بە بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسان و دووپاتیان کردەوە، کە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان تاوانی جەنگە.

 

"ئامانجی داگیرکەران کپکردنی دەنگی حەقیقەتە"

لەیلا مستەفا، ڕۆژنامەنووس لە ژن تیڤی لە کانتۆنی ڕەققە، هەڵوێستی خۆی دەربڕی و وتی: ئەو ڕۆژنامەنووسانەمان لەبیرە کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کرانە ئامانج، ئەمە یەکەمجار نییە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕۆژنامەنووسان بکاتە ئامانج، پێش ئەوە سەدان ڕۆژنامەنووس بوونەتە ئامانجی هێرشی لەشکرکێشی، بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان وەک گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕاستییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایان ئاشکرا دەکرد، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرانە ئامانج، بەتایبەتی لەو کاتەدا کە خەریکی ڕاپۆرتکردنی ئەو ڕووداوانە بوون کە لە پردی قەرەقۆزاخ و بەنداوی تشرین ڕوویانداوە.

 

لەیلا مستەفا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان، ئامانج لێی ڕێگریکردنە لە ڕاپۆرتکردنی کۆمەڵکوژییەکان دژی خەڵکی مەدەنی، بەو پێیەی کاری ڕۆژنامەگەری ئاشکراکردنی ڕاستییەکانە، بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووس جیهان بیلگین و نازم داشتان پلانی بۆ دانرابوو، چونکە هەمیشە لە هێڵەکانی پێشەوە بوون، دژی هێرشەکانی دەوڵەتی توورکیا، جیهان بیلگین هەنگاوی زۆری نا بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکان لە دەستی داعش، حکومەتی تورکیا چەندە هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکان بدات، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارەکانمان و شەڕ دەکەئن، بە هاوڕێکانمان، جیهان بیلگین و نازم داشتان بەڵێن دەدەین کە لەسەر شوێنپێی ئەوان دەبین، کامێرا و قەڵەمەکانیان لەسەر زەوی بەجێناهێڵین.

 

"ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا شکستپێهێنانی گەلی کورد و شکاندنی ئیرادەیە"

مەیسون حەسەن، ڕۆژنامەنووس لە کەناڵی ژن تیڤی لە شاری کۆبانێ، سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیای لە دژی ڕۆژنامەنووسان کرد و وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ٨ی کانوونی دووەمەوە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاد کردووە، بەتایبەتی بەرامبەر کانتۆنی فورات و مەنبج، ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا شکستپێهێنانی گەلی کورد و شکاندنی ئیرادەیە، دەوڵەتی تورک بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە هێزەکانی قەسەدە و ئەنجومەنە سەربازییەکان، شەڕێکی دەروونی لە ناوچەکە و دژی میدیاکان دەستپێکردووە، لەبەر ئەم هۆکارەی ​​ڕێکخراوە میدیاییەکانمان کار لەسەر ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەکەن، هەر بۆیە ڕۆژنامەنووسانیان کردە ئامانج.

 

مەیسون حەسەن لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەڤاڵانمان شاهیدی هەموو پێشێلکاری و هێرشێکی دەوڵەتی تورک بوون لە ناوچەکەدا. دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بشارێتەوە، ئەوانی کردە ئامانج، نازم داشتان لە بەرخۆدانی کۆبانێدا جێگەی خۆی گرتەوە و واقیعی ئێستای ئاشکرا کرد، یەکەم ڕۆژنامەنووس بوو کە وێنەکەی گرت، ڕاستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و پشتیوانییەکانی بۆ داعش ئاشکرا کرد، هەروەها بەدواداچوونی بۆ ئازارەکانی ژنانی ئێزدی لە سەردەمی کۆنتڕۆڵکردنی داعشدا کرد و بۆ ڕای گشتی بەشداری پێکرد. دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت ڕاستییەکان بشارێتەوە بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان، بە پێچەوانەوە ڕووی ڕاستەقینەی خۆی بۆ ڕای گشتی نیشان دا، ئێمە هاوەڵیانین و لە ڕێگای حەقیقەتدا کارەکانمان ئەنجام دەدەین، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ناتوانێت ئێمە بترسێنێت و ئیرادەمان بشکێنێت، ئێمە لەسەر هێڵی شەهیدەکانمان دەبین.

 

"قەڵەمەکانمان هەمیشە ڕاستییەکان دەنووسن"

شیلان سەمەر، پەیامنێری ئاژانسی ژن نیوز لە شاری قامیشلۆ ڕایگەیاند: ڕۆژنامەنووس جیهان بیلگین خەباتێکی ناوازەی کرد بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، ئەو تەنیا کاری ڕۆژنامەنووسی خۆی دەکرد، ئێمە دەستبەرداری قەڵەم نابین و لە ڕێگای ڕاگەیاندنی ئازاددا بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان خەبات دەکەین، ئێمە لەسەر ڕێگای شەهیدانی ڕاستی دەبین، قەڵەمەکانیان لەسەر زەوی بەجێناهێڵین.