عاتیفە ڕەنگریز بۆ بەشی چاودێری تایبەت لە نەخۆشخانەی شەهروود گواسترایەوە
عاتیفە ڕەنگریز، چالاکوانی مافی ژنان و زیندانی سیاسیی لە زیندانی شەهروود، گواسترایەوە بۆ بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەی شەهروود.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ حسێن تاج، پارێزەر لە هەژماری بەکارهێنەری خۆی لە کەناڵی ئێکس،ڕایگەیاند، عاتیفە ڕەنگریز، نووسەر، چالاکوانی مافی ژنان و زیندانی سیاسیی زیندانی شەهروود، بە مۆڵەتی پزیشکی بەهۆی خراپتربوونی نەخۆشییەکانی دڵەوە بۆ بەشی چاودێری چڕ- CCU لە نەخۆشخانەی ئیمام حسێن لە شەهروود گواستراوەتەوە.
حسێن تاج ئەوەشی خستووەتەڕوو، "عاتیفە ڕەنگریز، زیندانی سیاسیی زیندانیکراوی زیندانی شەهروود، سەرەڕای خراپبوونی دۆخی تەندروستی بەهۆی نەخۆشی دڵییەوە کە لە هەفتەی ڕابردووەوە ڕووبەڕووی بووەتەوە، دواجار شەوی ڕابردوو بەپێی ڕای پزیشک ڕەوانەی مۆڵەتی پزیشکی کرا و ئێستاش لە بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەی ئیمام حسێن شاهروودە، بەداخەوە لە کاتی خۆیدا ڕێکارە یاساییەکانی بۆ بەکار نەهاتووە".
جێی ئاماژەیە، عاتیفە ڕەنگریز لە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە لە دەمغان دەستبەسەر کرا و پاش مانگێک بە کەفالەت ئازاد کرا، پاش ماوەیەک ئەم چالاکوانەی مافی ژنان لە لایەن دادگای ئینقلابی شاهروودەوە بە دوو ساڵ و حەوت مانگ و ١٦ ڕۆژ بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە گروپە دژە ڕژیمەکان" و بە حەوت مانگ و ١٦ ڕۆژ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی سیستم" سزا درا.