شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: هەموواری یاسای باری کەسێتی هەڕەشەی بەردەم ژنان و منداڵانە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، سەبارەت بە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق وتی: ڕەنگە بەشێک لەم هەمووارە ببێتە هەڕەشە لەبەردەم پێشکەوتنەکانی دەیان ساڵ لە دەستەبەرکردنی مافی ژنان و منداڵان.

ناوەندی هەواڵ

 

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری مەکتەبی سیاسی یەنەکە، بۆچوونی خۆی لەبارەی هەموواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق لە تۆڕی ئێکس بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: زۆر نیگەرانم لە پێشنیازە یاسای هەمووارکردنەوەی باری کەسێتی عێراق، رەنگە بەشێک لەم هەمووارکردنانە هەڕەشە لەو پێشکەوتنە دەیان ساڵەمان بکەن، کە لە دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و منداڵان لە وڵاتەکەماندا بەدەستهاتوون.

 

ئاماژەی بە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی منداڵ کردووە، کە عێراق واژۆی لەسەر کردووە و نووسیویەتی: زامنی پاراستنی هەموو منداڵان دەکات بەبێ جیاوازی، کە ئەولەویەت بە مان و گەشەکردن و خۆشگوزەرانییان دەدات.

 

وتیشی: زۆر لە پیاوانی ئایینی و یاساناسان و چالاکوانە بەڕێزەکان، رەخنەیان لە گۆڕانکارییەکان گرت و هۆشداری دەدەن لەوەی ڕەنگە رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە پاراستنی لاوازترین چینی کۆمەڵگە، بێ کاریگەر بکات، پێویستە بە بایەخەوە گوێ لەم هۆشدارییانە بگرین.

 

لە نووسینەکەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەددا هاتووە: ناوچەکەمان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ڕاستەقینەی زۆر گەورە دەبێتەوە، هەر لە نەبوونی سەقامگیری سیاسیی تاوەکو دەگاتە قەیرانە ئابوورییەکان، بۆیە شیاو نییە سیاسەتێک پێشنیاز بکەین هۆکار بێت بۆ دابەشبوونی زیاتری کۆمەڵگە، یان مافی ژنان و منداڵەکانمان بخاتە بەردەم مەترسییەوە.

 

 

لە کۆتاییدا داوای لە پەرلەمانتاران و دەسەڵاتی دادوەری کرد، کار بکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی هەر هەمووارێک بکرێت، دەبێت بە تەواوی شەفاف و ڕوون بێت، دەرفەت نەدات هەمووارەکان پێچەوانەی دەستوور و چوارچێوەی یاسای نیشتمانی و نێودەوڵەتیش بن، بەتایبەتی پرسی هاوسەرگیریی منداڵ.