یەکەمین پەیمانگای باڵای هونەر لە ڕۆژئاوای کوردستان کرایەوە

دوای ١٢ ساڵ لە شۆڕش، بۆ یەکەمجار لە ڕۆژئاوای کوردستان پەیمانگای باڵای هونەر لە شاری دێرک دەکرێتەوە، سیهام داود، بەڕێوەبەری پەیمانگا ئاماژەی بەوەدا، کار بۆ بەرەوپێشبردنی هونەر دەکەن.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- ساڵی ٢٠٢٤ دەستەی ڕۆشنبیری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە پێشەنگایەتی تەڤگەری کولتووری میزۆپۆتامیا و بە هاوکاری زانکۆی ڕۆژئاوای کوردستان، بڕیاری کردنەوەی پەیمانگای باڵای هونەری بۆ یەکەمجار لە کانتۆنی جزیرە دا.

 

"کردنەوەی بەشی نوێ یارمەتی قوتابیان دەدات"

زۆزان محەمەد، مامۆستای فاکەڵتی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و بەرپرسی بەشی ژنۆلۆژی لە زانکۆی ڕۆژئاوای کوردستان، باسی لە پەرەپێدانی خوێندن و خستنەڕووی بەشە نوێیەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکان کرد و وتی: ئێمە ویستمان هاوکاری قوتابیان بکەین، لەبری ئەوەی لە مەودای دوور و شارە دوورەکانەوە بێن بۆ خوێندن لە قامیشلۆ، بەشەکانی ئێستا لە کۆبانێ و ڕمێلانیش کرانەوە، جگە لەوەش فاکەڵتی زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە ٥ بەشی هەیە، لە ساڵانی ڕابردوودا لە زانکۆی ڕۆژاڤا دامەزرا، لە هەمان کاتدا ئەمساڵ پەیمانگای باڵای هونەر پێشوازی لە خوێندکارەکانی دەکات، ئەمەش یەکەمجارە هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە ناوچەکەدا بنرێت.

 

"بەرەوپێشبردن و پاراستنی کولتوور و هونەر لەڕووی ئەکادیمیەوە پێویستە"

سیهام داود، بەرێوەبەری پەیمانگای باڵای هونەری ڕۆژئاوای کوردستان سەبارەت بە کردنەوەی پەیمانگاکە و گرنگی و ڕۆڵەکانی وتی: شۆڕشی ١٩ی تەمووز زۆر بواری بۆ خوڵقاندین، ڕۆشنبیری و هونەر یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە، ئێمە پێویستمان بە پاراستنی کولتوور و هونەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە بە شێوەیەکی ئەکادیمی و زانستی، بۆیە گرنگ بوو ئەم پەیمانگایە دابمەزرێندرێت.

 

سیهام داود ئاماژەی بەو ڕەنجە دا کە لە بواری پاراستنی کولتوور و هونەردا دەنرا، بەڵام کەسانی پسپۆڕ لە بوارەکەدا نەبوون یان کەم بوون لەو بارەیەوە وتی: وەک هەنگاوی یەکەم، پەیمانگاکە ٣ بەش لەخۆدەگرێت: سینەما، مۆسیقا و شانۆ. پەروەردە سێ ساڵ دەخایەنێت، دوو لەوانە تیۆری و یەکێکیان پراکتیکییە.

 

"پەیمانگاکە پشت بە میراتی گەلی کورد دەبەستێت"

سیهام داود ڕایدەگەیەنێت، ڕۆڵی سەرەکی پەیمانگا پاراستنی میراتی کولتووری گەلی کوردستانە و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: یەکەمین سیاسەت کە لە دژی گەلی کورد ئەنجامدراوە، جگە لە کوشتن و تاڵانکردن، هێرشکردنە سەر کەلتوور و هونەرە، گەلی کورد لە ڕێگەی هونەرەوە خۆی پاراستووە، لە ڕێگەی هونەرەوە ئازار و چیرۆک و مێژوو و خۆشەویستی نیشتمان و واقیعەکانی ئێستایان دەربڕیوە، ئەمەش ڕێگەی دا بناغەیەکی هونەری دروست بکرێت و لەم پەیمانگایەدا پەروەردە بە شێوەی ئەکادیمی دەدرێت.