لە شاری عەفرینی داگیرکراو دوو ژن کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

لە ئەنجامی ئەو فشارە دەروونی و پێشێلکارییە توندانەی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوانی بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی ئەنجامی دەدەن، دوو ژن لە شاری عەفرین لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

ناوەندی هەواڵ

 

دانیشتووانی ئەو ناوچانەی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی داگیریان کردووە، بەر فشاری دەروونی و کۆمەڵایەتی دەکەون، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژنان هەیە و دەبێتە پاڵنەر کە کۆتایی بە ژیانیان بهێنن.

 

ئەمڕۆ، ٣٠ی ئاب، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین بڵاویکردەوە، ژنێکی گەنج بە ناوی سەفین مستەفا ڕەسوڵوی تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی گوندی کوبکە سەر بە شاری مۆباتا و دەلیشان محەمەد شێخ تەمەن ٣٢ ساڵ، خەڵکی شاری مۆباتا، لە کانتۆنی عەفرینی داگیرکراو لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

 

بەپێی ئەو ئامارانەی کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین بڵاوی کردووەتەوە، لە دوای داگیرکردنی عەفرین لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٨دا، تا ئێستا ١٣٦ ژن کوژراون، کە بەشێكیان فشارەکان پاڵنەریان بوون بۆ "خۆکوشتن".