ھەڕەشە لەسەر ئەو منداڵە ھەیە کە ڕفێندراوە و خۆی ڕزگار کردووە

لە ئامەد ئەو منداڵەی کە لەلایەن پیاوێکەوە بە ناوی د.ی. ڕفێندرا، لەو شوێنەی کە زیندانی کرابوو هەڵهات و دواتر ئەو منداڵە ڕایگەیاند، توندوتیژی و دەستدرێژی کراوەتە سەر، دایکی ن.د. دەڵێت: خێزانی دەستدرێژیکارەکە دەیانەوێت ڕووداوەکە بە 'هاوسەرگیری' دابخەن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- ن.د. منداڵێکی تەمەن ١٣ ساڵە و لەلایەن کەسێکەوە بە ناوی د.ی. تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی هاوسەرگیرییەوە ڕفێندرا، هەرچەندە لەسەر بنەمای سکاڵای دایکەکە گەڕان و پشکنین دەستیپێکردووە، بەڵام نەدۆزراوەیەوە.

 

دوای هەفتەیەک لە گەڕان بە دوای منداڵەکەدا، لەو ماڵەی لێی زیندانی کراوە، منداڵەکە هەڵاتووە و چووەتە بنکەی پۆلیس و سکاڵای کردووە، لە سکاڵاکەدا باسی لەوە کردووە کە ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە، دوای پشکنینەکانیش نیشانەکانی دەستدرێژی سێکسی دەرکەوتن، دواتر منداڵەکە گەڕێندرایەوە ناو خێزانەکەی.

 

دایکی ن.د. ئاماژەی بەوەکرد، ئەو دەستدرێژیکارە هەڕەشەی کوشتنی منداڵەکەی کردووە، ن.د. دەڵێت: خێزانی دەستدرێژیکارەکە پێمان دەڵێن: با دۆسیەکە دابخەین و سکاڵا نەکرێت، هاوسەرگیری لە نێوانیان ئەنجام بدەین.

 

تاوانبارەکە هەڕەشەی کوشتنی منداڵەکە دەکات

دایکی ن.د. سەبارەت بەو بابەتە، ئاماژەی بەوەشکردووە، تاوانبارەکە هەڕەشەی کوشتنی منداڵەکەی کردووە و وتی: منداڵەکەم ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی دەیان جار داوام لێکردن، نە منداڵەکەمیان بۆ هێنام، نە ڕێگەیان دا قسەشی لەگەڵ بکەم، کاتێک منداڵەکەم ڕایکرد و هاتەوە ماڵەوە، قسەی لەگەڵ کەسدا نەدەکرد، ناتوانین پەیوەندی لەگەڵیدا دروست بکەین، سکاڵامان تۆمار کرد تا ئێستاش داخراوە، بەڵام هەمیشە بە منداڵەکەم دەڵێت "ئەگەر بکەویتە دەستمەوە دەتکوژم،. تەنها یەک داواکاریمان هەیە کە دەستبەجێ دەستدرێژیکارەکە دەستگیربکرێت، پێمان دەڵێن تەمەنی بچووکە، بەڵام چۆن کەسێک بەو تەمەنەوە ئەم کارانە بکات؟

 

"هەرچییەک ڕووبدات ئێمە شوێن دۆزی خۆمان دەکەوین"

دایکی ن.د. ئاماژەی بەوەشکرد، خێزانی دەستدرێژیکارەکە پەیوەندی پێوە کردوون و وتی: ئەوان پەیوەندی دەکەن و پێمان دەڵێن، با دۆسیەکە دابخەین و سکاڵا نەکرێت، هاوسەرگیری لە نێوانیان ئەنجام بدەین، ئێمە ئەم شتانە قبوڵ ناکەین کە ڕوویانداوە و سکاڵا دەکەین، ئەوان دەیانەوێت بە هاوسەرگیری کۆتایی بهێنن بە پرۆسەکە، بەڵام هەرچییەک ڕووبدات، ئێمە شوێن دۆزی خۆمان دەکەوین و هەرچی لە توانامدا بێت بۆ منداڵەکەم دەیکەم.