هەڵمەتی "نا بۆ لەسێدارەدان لە سێشەممەدا" لە هەفتەی ٣١دا بەردەوامە

دەسەڵاتدارانی ئێران هەڵمەتەکانیان لە دژی ئۆپۆزسیۆن چڕتر کردەوە و دەرکردنی سزای لەسێدارەدانیان لە دژی دەستگیرکراوەکان زیادی کردووە، ئەمەش وایکرد زیندانیان بە تایبەت ژنان هەموو سێشەممەیەک مان لە خواردن بگرن.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی دەستبەسەرکراو لە زیندانەکانی ئێران، سەرەڕای بەردەوامی پێشێلکارییەکان و سزای  لەسێدارەدانیان، بە هاوسۆزی لەگەڵ هەڵمەتی "نا بۆ لەسێدارەدان لە سێشەممەدا" بەردەوامن لە مانگرتن لە خواردن.

 

دوێنێ ٢٧ی ئاب، هەڵمەتی "نا بۆ لەسێدارەدان لە سێشەممەدا" پێی نایە هەفتەی ٣١ەوەو دەستگیرکراوەکانی زیندانی گەورەی تاران لەگەڵ دوو ئەندامی پەرلەمانی ئیتالیا بەشداری هەڵمەتەکە بوون.

 

ئەو هەڵمەتەی کە داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی دەکرد، بە بەشداریی زیندانیان لە ناویاندا ژنانی زیندانی ئەڤین لە تاران و زیندانی لاجان لە ڕەشت بەخۆیەوە بینی، زیندانیان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئیرادەی خۆیان بۆ درێژەدان بە بەرخۆدان لە بەرامبەر ڕێوشوێنە سەرکوتگەرییەکانی ڕژێمی ئێران دەربڕی و تیشکیان خستە سەر ئەو سەرکوتکردنە توندەی کە ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبێتەوە، لەوانەش سنووردارکردنی مافە سەرەتاییەکان، وەک پەیوەندی تەلەفۆنی و سەردانی بنەماڵە، دیارترینیان زیندانی تاکەکەسیی زیندانی سیاسی ئارمیتا پاوەر لە زیندانی تەبرێزە.

 

هەندێک لە یاسادانەرانی ناوداری ئیتالیا پشتیوانی خۆیان دەربڕیوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی هۆشیاری جیهانی و شەرمەزارکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا، ئەم پشتیوانییە نێودەوڵەتییە وەک توخمێکی چارەنووسساز لە گەورەکردنی دەنگی ئەو کەسانەدا دەبیندرێت کە دژی سەرکوتکردنی ڕژێمی ئێران تێدەکۆشن.

 

دەسەڵاتداران هەڵمەتەکانیان لە دژی ئۆپۆزسیۆن چڕکردەوە و لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٢٦ کەسیان لە سێدارە داوە کە ژنانیشیان تێدابووە.

 

 زیندانییەکان "حکومەتی نوێ"یان بە "حکومەتێکی ستەم و لەسێدارەدان"  پێناسە کردووە، هۆشدارییانداوە لەوەی کە پێدەچێت ببێتە هۆی زیاتر سەرکوتکردن و هەزاران زیندانی لە سەرانسەری ئێراندا سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.

 

سەرەڕای زیادبوونی فشارەکان لەسەر زیندانییەکان، ئەوان بەردەوامن لە بەرخۆدان و داوا لە هەموو زیندانیانی زیندانە جۆراوجۆرەکان دەکەن بەشداری هەڵمەتەکە بکەن، هەروەها بانگەوازی پشتگیریکردن لە دۆزی خۆیان و هەڵمەتەکەیان کە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجەیە لە ئێران دەکەن.