شەنگالیەکان دەگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان: دەبێت هەموو ئێزیدییەکان بگەڕێنەوە

گەڕانەوەی ئێزیدییەکان بۆ شەنگال بێ وەستان بەردەوامە، مایا حاجی و سەیران سلێمان کە دوای چەندین ساڵ گەڕاونەتەوە شوێنەکانیان، ئاماژەیان بەوەکرد، شەنگال وڵاتی خۆیانە و ڕەگ و ڕیشەی خۆیانە و داوایان کردووە هەموو ئێزیدییەکان بگەڕێنەوە سەر خاکەکانیان.

شەنگال

 

چەند مانگێک لەمەوبەر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، تا کۆتایی تەمووز سەرجەم کامپەکانی کۆچبەران لە باشووری کوردستان و عێراق دادەخرێن، دوای ڕاگەیاندنی وەزارەت بۆ داخستنی سەرجەم کامپەکان، ئێزیدییەکان کە بە فەرمانی٣ی ئابی ٢٠١٤ بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە ئاوارە بوون، دەستیان کرد بە جوڵە بۆ گەڕانەوە بۆ شەنگال بەپێی دەرفەتی خۆیان.

 

هەزاران ئێزیدی گەڕاونەتەوە بۆ شەنگال

 تا ئێستا هەزاران ئێزیدی گەڕاونەتەوە شەنگال و خۆبەڕێوەبەری شەنگال لەگەڵ سەرجەم دامودەزگاکانی پێشوازی لەو خێزانانە دەکات کە بە پێی توانای خۆیان دەگەڕێنەوە شەنگال و هاوکارییان پێشکەش دەکات، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق ئەوەندەی داوای دەکرێت هاوکاری شەنگال و خەڵکی ئێزیدی نەکردووە.

 

ئێزیدییەکان کە بە خۆشحاڵییەوە دەگەڕێنەوە شوێن و ناوچەکانی خۆیان و ناوچەکانیان ئاوەدان دەکەنەوە، دەڵێن سەرەڕای هەموو شتێک، ژیان و مردن لەسەر خاکی مرۆڤ خۆی باشە.

 

بەتایبەت لە سەردەمی فەرمانەکەدا یەکێک لەو شوێنانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و دانیشتووانەکەی ئاوارەبوون تل عوزسێری شەنگالە و ئێستا زۆربەی ئێزیدییەکانی تل عوزێر دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، ئێستا ئەو کۆچبەرانەی گەڕاونەتەوە بە هاوکاری خۆبەڕێوەبەری و دەرفەتە سنووردارەکانیان هەوڵی دروستکردنی ماڵەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی زەویەکانیان دەدەن.

 

 سەبارەت بە گەڕانەوەی مایا حاجی و سەیران سلێمان، کە دوای ساڵانێک گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان لە تل عوزێر قسەیان لەگەڵ دەزگاکەمان کرد و دڵخۆشی خۆیان دەربڕی.

 

دوای ٩ ساڵ گەڕایەوە بۆ شەنگال

 مایا حاجی کە ماوەی ٩ ساڵ لە کامپی شاریا ماوەتەوە و دوای ٩ ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ شوێنی خۆی، زۆر دڵخۆشە بە گەڕانەوەی و ئاماژەی بەوەکردووە، شوێنەکەیان لە کامپەکان و هەر شوێنێکی تر باشترە،  داوای لە هەموو ئێزیدییەکانی ناو کامپەکان کرد بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان و وتی: شوێنی ئێمە سەرەڕای هەموو شتێک لە کامپەکان باشترە، بەسە ئیتر لەو چادرانەدا بسووتێنین، ئێستا دەبێت هەموو ئێزدیەکان بگەڕێنەوە بۆ شەنگال، شەنگال وڵاتی ئێمەیە، ڕەگ و ڕیشەی ئێمەیە.

 

"پێویستە هەموو ئێزدییەکان بگەڕێنەوە شوێن و ناوچەکانی خۆیان"

سەیران سلێمان ساڵانێکی زۆر لە کامپی داودیە مایەوە و دوای چەندین ساڵ تازە گەڕاوەتەوە شوێنی خۆی، سەبارەت بەو پرسە وتی: دۆخی کامپەکان ناخۆش و سەخدت بوو، شوێنی مرۆڤ خۆی لە هەموو شوێنێک باشترە، داوا لە هەموو ئێزیدییەکانی ناو کامپەکان دەکەم بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.

 

هەروەها کاتێک سەیران سلێمان لەگەڵ خێزانەکەی گەڕانەوە ماڵەوە، بۆی دەردکەوت کە ماڵەکەی هەمووی سووتاوە، تەنیا ئاواتی سەیران ئاوەدانکردنەوەی خانووەکەیەتی.