حوزەیران؛ پێنج ژن کوژراون و دەیانی دیکە توندوتیژیان بەرامبەر کراوە

چەندین حاڵەتی توندوتیژی و هەراسانکردنی ژنان لە مانگی حوزەیراندا تۆمارکراوە، بەشێک لەو گروپانە دەستگیرکراون کە بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی چەندین ژن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕووداوەکانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە، خێزان و کۆمەڵگە بەردەوام هەوڵ بۆ ڕێگریکردن لە ئازادییەکانی ژنان دەدەن، بۆ ئەم مەبەستەش توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن، هەندێک کات دەگاتە ڕادەی کوشتن، سووتاندن و خنکاندنیان، یاخود دەبێتە پاڵنەری کۆتاییهێنان بە ژیانی ژنان.

 

تا ئێستا ژنان لە ژێر ناوی شەرەف و ئەقڵیەتی پیاوسالاری دەکوژرێن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، لە خێزانەکاندا توندوتیژی دەروونیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، لایەنی پەیوەندیداریش هیچ هەڵوێستەیەک لەسەر کەیسەکانی ژنان ئەنجام نادات، بەڵکو پەردەپۆشیان دەکات، ڕێکخراوەکانی ژنان و مافی مرۆڤیش بە سەدەها کەیسی ژنانیان لایە و هەوڵی پێویست نادەن بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان و چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بەڵکو دووبارە هەوڵی بێدەنگی و شاردنەوەی ڕووداوەکان دەدەن، هەموو ئەمانە هۆکارن بۆ بێ هیوابوونی ژنان لە یاسا و بەدەستهێنانی مافەکانیان.

 

ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان کە نوژنها لە مانگی حوزەیراندا کۆیکردووەتەوە، بەم شێوەیەیە؛

 

سلێمانی

١ی حوزەیران، ته‌رمی ژنێکی گەنج له‌ نزیک خوێندنگەی شیرینی كچان و پاركی ئازادی شاری سلێمانی‌ دۆزرابوەوە، دواتر تیمه‌كانی به‌ڵگه‌ و پۆلیسی تاوان گه‌یشتنه‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ و لە پاش لێكۆڵینه‌وه‌، تەرمەکە بە مەبەستی توێکاری ڕەوانەی پزیشکی داد کرا.

 

سلێمانی

شەوی ٦ی حوزەیران، ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ئاڤان، کە دووگیان بووە بە منداڵی دووانە، بە سووتاوی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی و بە وتەی باوکی لەلایەن هاوژینەکەیەوە سووتێندراوە و ئامانجی ئەوە بووە بیکوژێت.  

بە وتەی باوکی ژنەکە، هاوژینەکەی پێش ئەوەی بیسووتێنێت برۆ و قژی تاشیوە و پاشان لە گەرماوی ماڵەکەیاندا نەوتی پێداکردووە و سووتاندوویەتی، بەو هۆیەشەوە ٨٥٪ی گیانی سووتاوە و کۆرپەلەکانیشی کە دووگیانبووە پێیان لەدەستداوە، دوای مانەوەی چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە و لە ١٢ی حوزەیراندا، ئاڤان بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

  

سلێمانی

لە ١٥ی حوزەیراندا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی دوو فەرمانی دەستگیركردن لەلایەن هەریەک لە دادگای كەتنی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی یەک گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد.

لە دوو چالاكی جیادا هەریەک لە تۆمەتباران ،"ف، ق، م" لەدایكبووی ١٩٧٦ بەپێی ماددەی حەوت لە یاسای توندوتیژی خێزانیی، هەروەها تۆمەتبار "م، م"  بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسی سزدانی عێراقی کە تایبەتە بە تاوانی فێڵکردن دەستگیرکراون.

 

دهۆک

ڕۆژی ١٦ـی حوزەیران لە شارۆچکەی سیمێل لە سنووری پارێزگای دهۆک تەرمی ژنێکی ٦٠ ساڵ لە باڵەخانەیەکدا دۆزرایەوە، بەڵام هیچ لەبارەی هۆکار و شێوازی گیان لەدەستدانەکەی ئاشکرا نەکرا.

 

هەولێر

لە بەرواری ٢٠ی حوزەیران، ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو گروپەیان دەستگیر کردووە، کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی تایبەتیان لە چەندین ژن کردووە و تۆمەتبارن بە خۆکوشتنی چەندین ژن.

 

گروپەکە تا ئێستا تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی ١٥٠ تاوانی ئەلیکترۆنی، خودی تۆمەتباران دانیان بەوەداناوە لە کاتی هەڕەشەکردن لە ژنان چەندین ژن خۆیان کوشتووە، گۆڤەند و ئەندامانی گروپەکەی لە ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵی رابردوودا لە ڕێگەی چەند گروپێکی تێلیگرامەوە نزیکەی ٥٠٠ ڤیدیۆ و وێنەی نەشیاوی کچان و کوڕانی هەرێمی کوردستانیان بڵاوکردبووەوە، جگە لە هەڕەشەکردن و پارە وەرگرتن لە سەدان کچی دیکە لە ترسی ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی نهێنییەکانیان.

 

هەولێر

ڕۆژی ٢١ـی حوزەیران لە شاری هەولێر هەوڵی سەربڕینی کچێکی تەمەن ١٦ ساڵان درا، بەپێی ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاو کرایەوە، بە چەقۆ هێرشکرابووە سەر ژنە گەنجەکە و هەوڵی سەربڕینی درابوو، دواتر دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە و بە ١٢٠ تەقەڵ برینەکەی دەدوورێتەوە و ئێستاش لە وەرگرتنی چارەسەر بەردەوامە.

 

گەرمیان

لە بەرواری ٢٢ی حوزەیران لە گوندی عەوڵاقوتی سەر بە شارەدێی سەرقەڵاوە لە گەرمیان، تەرمی ژنێک براوەتە پزیشکی دادوەری شارۆچکەی کەلار، کە بەهۆی خنکانەوە بەپەت گیانی لەدەستدابوو.

 ژنەکە لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٠ بووە بە ناوی "گ.د.ب"، بە وتەی کەسوکاری ناوبراو خۆی هەڵواسیوە و گیانی لەدەستداوە.

  

دهۆک

ئێوارەی ٢٥ی حوزەیران، لە گەڕەکی مالتا لە ناوەندی شاری دهۆک، پیاوێک ئەشکەنجەیەکی جەستەیی زۆری خوشکەکەی، بە ناوی کوڤان نوری، داوە و دواتریش ئاگری تێبەرداوە و سووتاندوویەتی، ژنەکە دایکی سێ منداڵە ٨٠%ی جەستەی سووتاوە و لەژێر چاودێری پزیشکدایە، لە پاش ڕووداوەکە تۆمەتبارەکە دەستگیر کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.

 

کوفان نوری  تەمەنی ٣٥ ساڵە، کە ٨٠٪ی جەستەی سووتابوو، بەیانی ٣٠ی حوزەیران، بەهۆی زۆری ڕێژەی سووتاووییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.