"تا ئەو کاتەی دەگەڕێینەوە سەر خاکەکەمان تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت"

کۆچبەرانی سەرێکانی کە لە ماوەی ٥ ساڵی کۆچبەرییدا لە دژی داگیرکاری تێدەکۆشن، ئاماژەیان بەوەکرد، تەنها داواکارییان گەڕانەوەیە بۆ ماڵەکانیان.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-کامپی واشۆکانی دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای شاری حەسەکە، هەزاران کەس لە خەڵکی سەرێکانی بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ناچارکران کۆچ بکەن، لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا کۆچبەران لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تێکۆشاون، ژنان لە کامپی واشۆکانی سەرەڕای سەختییەکان بەردەوامن لە خەبات و ئاماژەیان بەوەکرد، داواکارییان بۆ گەڕاندنەوە بۆ خاکەکەیان تا کۆتایی بە بەرخۆدان و تێکۆشان بەردەوام دەبێت.

 

"کۆچبەرانی کامپی واشۆکانی پشتگوێ دەخرێن"

مەلەک ساڵح، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەریی کامپی واشۆکانی ڕایگەیاند، بارودۆخی کۆچبەران لە وەرزی هاویندا مەترسیدارە و وتی: پەنابەران ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا بەهۆی نەبوونی ئاو، پلەی گەرما لە بەرزبوونەوەدایە و منداڵان و ژنان نەخۆش دەبن، لە لایەکی ترەوە دووپشک و مێشوولە دەردەکەون، هاوینی ڕابردوو دوو منداڵی تازە لەدایکبوو بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە گیانیان لەدەستدا ئەم ڕووداوانە ڕوو دەدەن و ڕێکخراوە مرۆییەکان بەرپرسیارن لەم کارە، لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا ئاوارەکانی کامپی واشۆکانی پشتگوێ خراون.

 

"لە بەرامبەر ئێش و بەرخۆدانی ١٧ هەزار کەس بیدەنگی بەردەوامە"

مەلەک ساڵح تیشکی خستە سەر بێدەنگیی نێودەوڵەتی بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکان و وتی: هەموومان دەزانین کە خۆبەڕێوەبەری ئەم کامپەی دامەزراندووە و هەتا دەتوانێت هاوکاری و ڕێکخستنی کۆچبەران دەکات، بەڵام ئێمە باش دەزانین کە هەمیشە هێرش هەیە بۆ سەر خۆبەڕێوەبەری لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، هەروەها باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەمووی گەمارۆ دراوە، بۆیە دەرفەتەکانیان کەمە، هەوڵ دەدەین ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، بەڵام پێویستە ڕێکخراوە مرۆییەکان یارمەتی کۆچبەران بدەن بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری لە زۆر کێشە بکەین.

 

"تەنها سەرکانیمان دەوێت"

شیرین محەمەد ئەمین وتیشی: چادری کۆچبەران بۆ ماوەی ٥ ساڵە نەگۆڕدراوە،  سەرەڕای سەرما و گەرماو نەخۆشی ١٧ هەزار کەس لەژێر ئەو چادرانەدا دەژین،  ئەو یارمەتیانەی کە پێشکەش دەکرێن بەس نین بۆ کۆچبەران، هیچ شتێکمان لە ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە ناوێت، تەنها گەڕانەوە بۆ سەرێکانیمان دەوێت، بێدەنگی بەسە ئێمە لێرە بەرخۆدان دەکەین و تێدەکۆشین هەتا دەگەڕێینەوە شارەکەمان و داگیرکەران لە خاکەکەمان دەردەکەین.