٥٠ ساڵ بەسەر بۆردوومانی قەڵادزێ کە سەدان ژن و منداڵ شەهیدو برینداربوون تێدەپەڕێت

٥٠ پێش ئێستا ڕژێمی بەعسی عێراق بە فڕۆکەی جەنگی و بۆمبی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی (ناپاڵم) شارۆچکەی قەڵادزێی‌ بۆردووما نکرد و بەهۆیەوە سەدان کەس کە ژن و منداڵیان تێدابوو شەهید و برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەیانی ڕۆژی ٢٤ی نیسانى ١٩٧٤ ڕژێمی بەعس بە بۆمبی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتى قەڵادزێی بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە ١٦٥ کەس شەهید بوون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵ بوون بریندار بوون، هاوکات چەندین شوێنی گشتیی و نیشتەجێبوون و فەرمانگەی حکومی و نەخۆشخانە و زانکۆ و بازاڕی شارۆچکەکە وێران کران.

 

زانکۆی قەڵادزێ کە ئەو کات زانکۆی سلێمانى بوو بۆ شارۆچکەکە گواسترابووەوە بووە ئامانجی بۆمبی ناپاڵمی بەعس و دەیان خوێندکارو مامۆستا شەهید بوون و زانکۆکەکەش بە تەواوی وێنراکرا.

 

لە ڕۆژی ٢٤ی ساڵی ١٩٨٢ هاوڵاتییان و خوێندکاران و مامۆستایانی شارۆچکەی قەڵادزێ بەمەبەستى یادکردنەوەى بۆردوومانەکەی ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا، بەڵام ڕژێمی سەدام حسێن دیسانەوە بە دڕندانەترین شێوە و بە فڕۆکە و تانکی سەربازی هێرشی کردە سەر خۆپیشاندانەکە و دەیان کەسی شەهیدو بریندار کرد.

 

هەروەها لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٩ پڕۆسەی ڕاگواستنی شارۆچکەی قەڵادزێ و گوندەکانى ناوچەکەی بۆ ئۆردوگاکانی خۆرئاوای خەبات  لە هەولێرو بازیان لە سلێمانی دەست پێکرد، دوای بە زۆرملێ چۆڵکردنی تەواوی گوند و شارۆچکەکە سەرجەم خانوو و قوتابخانە و مزگەوتەکان تەقێندرانەوە و سوتێندران.

 

لە ساڵی ١٩٩٠ بەدواوە ئەو هاوڵاتییانەى خەڵکی قەڵادزێ و پشدەر بوون گەڕانەوەو شارۆچکەکەیان ئاوەدان کردەوە، دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بەتەواوی سنووری پشدەر بە گشتى ئاوادانکرایەوە و لەدەستى ڕژێمی بەعس ڕزگاریان بوو.

 

تا ئێستا حکومەتى عێراق هیچ قەرەبوویەکیشی بۆ ئەو شارۆچکەیە تەرخان نەکردووەو چەندین پڕۆژەى تەواوی نەکراو لە شارۆچکەکەدا هەن.