نەتەوە یەکگرتووەکان: ئاماری ئەو منداڵانەی لە غەززە کوژراون سەرسوڕهێنەرن

فیلیپ لازارینی، کۆمیسیاری گشتی UNRWA ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا بۆ سەر غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمەی ٢٠٢٣ەوە کوژراون زیاترە لە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە شەڕەکانی سەرانسەری جیهاندا کوژراون.

ناوەندی هەواڵ

 

فیلیپ لازارینی، کۆمیسیاری گشتی ئاژانسی هاریکاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "UNRWA" ، زانیارییەکانی لە هەژماری میدیای دیجیتاڵی خۆیدا دەربارەی ئەو منداڵانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون بڵاوکردەوە.

 

"ئەم شەڕە لە دژی منداڵان بەڕێوە دەچێت"

فیلیپ لازارینی ڕایگەیاند داتای ئەو منداڵانەی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە غەززە کوژراون سەرسوڕهێنەرەو وتی: منداڵانی غەززە لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە کراونەتە ئامانج، ئەمەش زیاترە لە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە جیهاندا کوژراون، ئەمە جەنگێکە دژی منداڵان، جەنگێکە لەسەر داهاتووی منداڵان.

 

"لەبەر منداڵان پێویستە دەستبەجێ ئاگربەست ئەنجام بدرێت"

فیلیپ لازارینی هێڵکارییەکی بڵاوکردەوە کە بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە ئامادەکراوە، ژمارەی ئەو منداڵانەی لە غەززە کوژراون لە نێوان ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ تا ٢٩ی شوبات لەگەڵ ژمارەی ئەو منداڵانەی لە شەڕی جیهانیدا کوژراون لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا نیشان دەدات.

 

لە هێڵکارییەکەدا ئاماژە بەوە راوە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە شەڕەکانی جیهاندا کوژراون گەیشتووەتە ١٢ هەزار و ١٩٢ منداڵ و لە غەززەش ژمارەی منداڵانی کوژراو لە ١٢ هەزار و ٣٠٠ منداڵ تێپەڕیوە، بەم هۆیەوە فیلیپ لازارینی داوای ئاگربەستێکی بەپەلە دەکات لەپێناو منداڵانی غەززە.