"ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەرپرسیاری کردارەکانی ناوچە داگیرکراوەکانن"

ئاهین عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" هەڵسەنگاندنی پێشێلکارییەکانی دژی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان کرد و ڕایگەیاند کە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەرپرسیارن.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ "هیومان ڕایتس وۆچ" لە ٢٩ی شوباتدا بە ناونیشانی "هەر شتێک بە هێزی چەک دەبێت" ڕایگەیاند تورکیا بەرپرسیارە لە پێشێلکارییە جدییەکان و ئەگەری ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لەلایەن ئەندامانی هێزەکانی و گروپە چەکدارە ناوخۆییەکانەوە کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن لەو ناوچانەی کە توورکیا لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا داگیری کردووە.

 

ئاهین عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی پەیەدە دەربارەی پێشێلکارییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان، ئامانج و خەباتی پێویست، هەڵسەنگاندنی کرد.

 

"ناوچە داگیرکراوەکان بوونەتە دۆزەخ"

ئاهین عەلی وتی: سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەدوای سیاسەتێکی نوێی عوسمانیدا دەگەڕێت، ئەردۆغان دەیەوێت ببێتە دووەم کەمال ئەتاتورک بە نوێکردنەوەی مێژووی جینۆسایدی کۆمەڵگەکان، هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی چاودێری لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان دەکەن و بەڵگەنامەمان پێگەیشتووە کە وێنە و زانیاری تێدایە، بەڵام تا ئێستا بێدەنگی هەیە، ئەم ڕێکخراوانە دەزانن کە دەوڵەتی تورک پێشێلکاری دەکات، دەبێت ئەوەش بڵێین کە ناوچە داگیرکراوەکان وەک دۆزەخن.

 

"ڕاپۆرتی هیومان ڕایتس ۆوچ دەرئەنجامی فشارە کۆمەڵایەتییەکانە"

ئاهین عەلی ڕایگەیاند، ژنان ناتوانن بە ناسنامەی خۆیان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا بژین و وتی: کامپەکانی پەنابەران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشانەی ئەوەیە کە خاکەکەیان داگیرکراوە، کۆمەڵکوژییەک لە دژیان هەیە و ئەو شەرمەزارییە قبوڵ ناکەن کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ئەوان دەیانتوانی کۆچ بکەن، بەڵام نەیانویست دوور بکەونەوە لە نیشتمانپەروەری، ڕاپۆرتەکەی هیومان ڕایتس وۆچ لە ٢٩ی شوباتدا لە فشاری کۆمەڵایەتییەوە هاتووە کە چالاکییە کاریگەرەکان لە ناوچەکەدا دەتوانن فشار بخەنە سەر ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ بۆ ئەوەی بێدەنگییەکەی بشکێنێت و دان بە پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیادا بنێت، هەموو پێشێلکارییەکانی چەتەکان و دەوڵەتی تورک لە ناوچە داگیرکراوەکان بە بەڵگەنامە گەیشتوونەتە یەکێتی ئەوروپا.

 

"لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کورد خاوەن پڕۆژەیە"

ئاهین عەلی تیشکی خستە سەر قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رایگەیاند، چارەسەری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە چارەسەرکردنی پرسی کورد تێدەپەڕێت و وتی: پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری و گەلێکی دیموکراتیک رێگای چارەسەری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، هیچ پرۆژەیەکی چارەسەر دەرناکەوێت، تەنها کوردەکان ئەمڕۆ پرۆژە و چارەسەریان هەیە، ئەم ڕاستییە لە سەرەتای شۆڕشی سووریا ڕوونکراوەتەوە، ئەمەش لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە ڕوویدا. بەڵام ئێستا ئەو کۆچبەرانەی لە کامپەکاندا دەژین ڕووبەڕووی ئەو سیاسەتە دەبنەوە کە ناچاریان دەکات بگەڕێنەوە بۆ داگیرکردن لە ڕێگەی فشار و هێرش و گەمارۆدان بۆ سەر ناوچەکە، بۆیە پێویستە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەرکی خۆیان بۆ کۆچبەران جێبەجێ بکەن لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا، ئەمڕۆ ستانداردەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن و دەبێت دەستبەجێ دەستوەردان بکرێت.

 

"هەموو ڕێکخراوەکانی پاراستن و چاودێری مافەکانی مرۆڤ بەرپرسیارن"

وتیشی: دەوڵەتی تورکیا هێزی دووەمی ناتۆیە و ئێمە خودی ناتۆ بە بەرپرسیار دەزانین لە پێشێلکارییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانمان، بۆ نموونە، شەهیدبوونی هەڤرین خەڵەف بە شێوەیەکی دڕندانە و برینداربوونی محەمەدی تەمەن ٩ ساڵان بە ماددەی کیمیایی نموونەیەکی بچووکن کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شایەتی دەدەن، ئەمە پێشێلکردنی ناسنامەی ژنان بوو ئەوان بوون بە بینەر، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دەبێت خۆیان بەرپرسیار بکرێن. یەکێتی ئەوروپا و هەموو ڕێکخراوەکانی پاراستن و چاودێری مافەکانی مرۆڤ بەرپرسیارن و دەبێت پێشێلکارییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا ڕابگرن.

 

"لە ناوچە داگیرکراوەکانەوە بۆ ئەفغانستان و فەلەستین، ژنان پێویستە خۆیان بەهێز بکەن"

ئاهین عەلی لە کۆتایی قسەکانیدا داوایەکی ئاڕاستەی ژنان کرد لە ناوچە داگیرکراوەکانداو وتی: ئەگەر مافەکانی ژنان پێشێل بکرێن، ڕفێندران، ئازادی و ناسنامەیان هەراسان بکرێت، ئەوە مانای ئەوەیە کە پڕۆژەی ئازادی ژنان هێشتا ئامانجە خواستراوەکانی بەدەستنەهێناوە، پێویستە ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکانەوە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" جارێکی دیکە هەستنە سەرپێ و تێکۆشانیان بەهێز بکەن، پێویستە ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکانەوە بۆ ئەفغانستان و فەڵەستین تێبکۆشن، بۆ ئەوەی ببنە ژیان و ئازادی، ئەوەی ئێستا پێویستە ئەوەیە کە ژنان خۆیان ڕێکبخەن و یەکگرتوویی و هاوکارییەکانیان بەهێز بکەن.