نەتەوەیەکگرتووەکان: ملیۆنێک کەس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بێ کارەبان

رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکرد، ملیۆنێک کەس لە باکوورو ڕۆژهەلاتی سووریا بێ کارەبان و هێرشەکان زیانی بە تەواوی دەزگا خزمەتگوزارییەکان گەیاندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی سووریا کۆبووەوە مارتن گریفن، رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، رایگەیاند، زیاتر لە ۱٦ ملیۆن خەڵک لە خراپترین دۆخدان و پێویستیان بە هاوکاریی بەپەلە هەیە.

 

لەبارەی هێرشەکانی ئەمدواییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان وتی: لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرشەکانی ئەمدواییە کە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمەوە دەستیانپێکردووە، زیانی بە بەشێک یان تەواوی دەزگا خزمەتگوزارییە گرنگەکان گەیاندووە، لەناویاندا وێستگەی ئاو، بنکەی تەندروستی، قوتابخانە، زۆر خزمەتگوزاری گرنگی دیکە. زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە شارە گەورەکان و گوندەکان بێ کارەبا بوون.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، نەبوونی کارەبا و ئاو و سووتەمەنی، ئاسایشی خۆراک و برسێتی لەناو کۆمەڵگە زیاتر کردووە بەتایبەتی لەناو منداڵان و ژنانی دووگیان.

 

لەبارەی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووی رۆژئاوای کوردستان و سووریاش، وتی: ساڵێک تێپەڕیوە و خەڵکی سووریا لە خراپترین دۆخی مرۆییدان.

 

هەروەها گەیر پێدەرسن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد گفتوگۆکانیان دەستپێبکەنەوە.