بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ باشووری لوبنان ژمارەیەک گیان لەدەستدان و برینداری لێکەوتەوە

ژمارەی گیان لەدەستداوانی بۆردوومانی شارۆچکەکانی باشووری لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا گەیشتە ٩ کەس و دەیانی دیکەش بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرەڕای هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان لە دژی هەر جۆرە بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی، کە دەکەوێتە ژێر لیستی تاوانەکانی جەنگ و بەڵێنی حکومەتی لوبنان بۆ پێشکەشکردنی سکاڵایەکی بەپەلە لە دژی ئیسرائیل بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیسرائیل هێشتا بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی چەند ناوچەیەکی لوبنان.

 

هاوکات لەگەڵ شەڕی بەردەوامی بزووتنەوەی حەماس و هێزەکانی ئیسرائیل بۆ پێنجەمین مانگ لەسەریەک، سنووری لوبنان ڕووبەڕووی تەقە و بۆردوومانی بەردەوامی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە حزبوڵڵا و فراکسیۆنە فەلەستینییەکان بووەتەوە، ژمارەیەک گیان لەدەستدانی لێکەوتووەتەوە، بریندارەکانیش لە هەردوو دیوی سنووردان.

 

دوێنێ، ١٥ی شوبات، بەرگری شارستانی لە باشووری لوبنان دووپاتی کردەوە کە ژمارەی گیان لەدەستداوانی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەکانی باشووری ئەو وڵاتە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا بۆ ٩ کەس بەرزبووەتەوە و دەیان کەسیش برینداربوون، ژمارەی گیان لەدەستداوان لە بۆردوومانەکانی شاری نەباتیە کە دەکەوێتە باشووری لوبنان بۆ ٧ کەس بەرزبووبووەوە و تیمەکانیش هاوکارییان پێشکەش کرد.

 

لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گوندێکی باشووری لوبنانیش ١١ کەس گیانیان لەدەستدا کە ٦یان منداڵن، نەتەوە یەکگرتووەکان خوازیاری کۆتایی هێنان بە پەرەسەندنی مەترسیدارانەی ئەو ململانێیەی کە لە لوبنان ڕوودەدات و هاوکاتە لەگەڵ شەڕی غەززە.

 

لە سەرەتای ڕووداوەکانەوە بۆ یەکەمجار گوند و شارۆچکەکانی باشووری لوبنان بۆردوومان کراون، لەوانەش شوقەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری نەباتیە، بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، هەڵمەتەکە زیانی زۆری بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون گەیاندووە، بینا و تۆڕەکانی کارەبا و تەلەفۆنیش زیانیان پێگەشتووە.